عەفرین – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە، لە ئەنجامی شەڕی نێوان دوو بنەماڵەدا لە گەڕەکی مەحمودییە لە شاری عەفرینی داگیرکراو لەلایەن تورکیاوە، لە باکووری شاری حەلەب، منداڵێک کوژرا و دوو کەسیش بریندار بوون کە یەکێک لەو بریندارانە ئەندامێکی چەکداری لایەنگری سەر بە تورکیایە.
سەرچاوەیەکی تایبەت به نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، شەڕ لە نێوان دوو بنەماڵەدا روویداوە، یەکێک لەو بنەماڵەیە خەڵکی گوندەوارەکانی دیمەشق بوون، هۆکارەکەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە یارییەک لە دەستی منداڵێکەوە لە باڵکۆنی ماڵەوە کەوتە خوارەوە بەسەر کەسێکدا کە لە دوکانەکەیدا کاری چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلی دەکرد دواتر بەو هۆیەوە شەڕەکە سەریهەڵدا.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەو شەڕە بووە هۆی گیانلەدەستدانی منداڵێک و برینداربوونی دوو کەس کە یەکێکیان ئەندامێکی ئەحرار شامی لایەنگری تورکیایە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، تەرمی منداڵەکە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی سەربازی عەفرین، ئەم شەڕە لەکاتێکدایە کە پۆلیسی سەربازی لە شوێنی ڕووداوەکە ئاگادارکراونەتەوە.
شاری عەفرین و دەوروبەری کە دەکەوێتە باکوری شاری حەلەب لە مانگی ئازاری 2018ەوە کەوتووەتە ژێر کۆنترۆڵی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی سەر بە تورکیا بەپێی خەڵکی ناوچەکە چەندین جارە شەڕ و ئاژاوە و ناکوکی روودەدات.