هەولێر- نۆرس پرێس
باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق رایگەیاند، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق گفتوگۆیان لەسەر رێگاکانی پتەوکردنی هاوبەشی هەمەلایەنەی ئەمەریکا و عێراق کردووە و جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە ئەو عێراقیانەی مەترسی داعشیان لەسەرە، بگەڕێندرێنەوە.
ئالینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی بڵاویکردەوە، لەگەڵ فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق گفتوگۆمان کردووە و رێگاکانی پتەوکردنی هاوبەشی هەمەلایەنەی ئەمەریکا و عێراق پێش دەستپێکردنی لوتکەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ تێکشکاندنی داعش لە هەفتەی داهاتوو لە ڕیاز تاوتوێکردووە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، بیروڕایان لەسەر هەوڵەکانی ئاسایشی ناوچەکە تاوتوێ کردوە و جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە زۆر گرنگە ئەو عێراقیانەی مەترسی داعشیان لەسەرە، بگەڕێندرێنەوە.
پێشتر ئیان مەککاری، جێگری نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەرەنگاربونەوەی داعش، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ شەرق ئەلئەوسەت، ڕایگەیاندبوو، هاوپەیمانێتیەکە خۆی لە 85 وڵاتدا دەبینێتەوە، لەگەڵ وڵاتان کاردەکەن بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانیان بۆ بەرەنگاربونەوەی داعش.
لە کاتێکدا ئەو بەرپرسە ئەمەریکییە دانی بەوەدانا کە داعش تاکە گرووپی تیرۆریستی نییە لە ناوچەکەدا، بەڵام ڕەوایەتی بە گرنگیدانی بەرەنگاربونەوەی ئەو ڕێکخراوە داوە.
ماکاری رونیشیکردەوە، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کاردەکات بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆر لە ئەفریکا بە دروستکردنی هاوبەشی لەگەڵ حکومەتەکان و دابینکردنی سەرچاوە و ئامرازی پێویست بۆ بەرەنگاربونەوەی گرووپەکانی سەر بە داعش لە ناوچەکەدا.