پێش پەیوەندییەکەی ئەردۆغان و بایدن.. ئەنقەرە رەخنەی لە پاڵپشتیکردنی هەسەدە گرت

دیمه‌شق – نۆرس پرێس

ئیبراهیم کالن، گوتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا رەخنەی لە پاڵپشتی ئەمریکا بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) گرت، ئەم رەخنەیە لە کاتێکدایە کە بریارە ئێوارەی ئەمڕۆ هەردوو سەرۆکەکانی ئەمریکا و تورکیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئەنجام بدەن.

کالن رایگەیاند، بەبۆنەی سەرکەوتنی لە خولی یەکلاکەرەوی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیا، ئەمرۆ ئەردۆغان پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ جۆ بایدن هاوتاکەی ئەنجام دەدات.

بەپێی ئاژانسی ئەنادۆلی تورکیا بێت، کالن دەلێت کە دوو بابەتی سەرەکی هەن کە پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکا “ژەهراوی” دەکەن، یەکەمیان پاڵپشتی ئەمریکایە بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات، دووەمیشیان پشتگیریکردنی گروپی فەتحوڵڵا گولەنە.

گوتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، “لەم دوو بابەتە پاشەکشە ناکەن” و “بەردەوام دەبن لە شەڕکردن لەگەڵ ئەو دوو رێکخراوە لە سەرتاسەری جیهاندا”.

کالین وتی، وڵاتەکەی هەوڵ دەدات بۆ پاراستنی پەیوەندی باش لەگەڵ ئەمریکا، بەڵام پێویستە ئەمریکا درک بە “هەڵەی تاکتیکی و ستراتیژی” خۆی بکات لە پشتیوانیکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات.

ناوبراو هەڕەشەی درێژەدان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی کرد و ڕایگەیاند کە سێ ئۆپەراسیۆنیان لە سوریا ئەنجامداوە، سەرەڕای ناڕەزایەتییەکانی ئەمریکا و ئەوروپا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.