هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە، دوای ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵاتەکەیدا مسۆگەرکرد و دەسەڵاتی تاکڕەوانەی تورکیای بۆ دەیەی سێیەم درێژکردەوە، هاوکات بەهای لیرەی تورکی نزمترین ئاستی بەرامبەر بە دۆلار تۆمارکرا.
بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، نرخی یەک دۆلار بەرامبەر بە 20.05 لیرەی تورکی مامەڵای پێوەکراوە، دواتریش زیاتر دابەزیووە بۆ نزمترین ئاستی کە 20.06 لیرە بوو بۆ هەر دۆلارێکی ئەمریکی.
لیرەی تورکی لە سەرەتای ئەمساڵەوە بە بڕی زیاتر لە 6% لاواز بووە و لە ماوەی دەیەی رابردوودا زیاتر لە 90%ی بەهاکەی لەدەستداوە، ئەویش بەهۆی ئابووریی داڕماوی تورکیاوە، کە لە لوتکەی هەڵاوسان و قەیراندایە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە وتاری سەرکەوتنیدا، دانی بەوەدانا کە مەسەلەی هەڵاوسان بەپەلەترین پرسە، بەڵام گوتی هەڵاوسان دادەبەزێت.