دژەتیرۆری عێراق ئەنجامەکانی نیوەی یەکەمی ئەمساڵی ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە داعش رادەگەێنێت

هەولێر – نۆرس پرێس

دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری عێراق لە ماوەی نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا ئەنجامی ئۆپراسیۆنەکانی دژ بە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ی راگەیاند، هاوکات نەخشەی ئەرکەکانی ئێستایان روونکردەوە.

سەباح ئەلنوعمان، گوتەبێژی دەزگای ئەمنی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “لە ئێستادا کاری دەزگاکە لەسەر ئۆپەراسیۆنە جۆرییەکانە لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگری دروست و پێشوەختە”.

دوێنی یەکشەممە، ئەلنوعمان ئاشکرای کرد، کە “لە ماوەی نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، دەزگاکە توانیویەتی 35 ئەندامی داعش ناچالاک بکات”.

ئەمە جگە لە دەستگیرکردنی 55 ئه ندامی دیکە لە هەمان ماوەی راگەێنراودا و ئه مەش بە هەوڵی دەزگای دژەتیرۆری عێراقی بووە.

زۆربەی ئۆپراسیۆنەکانی دژ بە “داعش” لە ناوچەکانی دوور لە ناوەندی شارەکان و ناوچە سەختەکان کە خۆیان تێدا حەشار دابوو، بەتایبەت ناوچە شاخاوییەکانی وەک زنجیرە چیای “حەمرین و مەخموور” و هەندێک دۆڵی وەک “وادی الشای”، بە وتەی ئەو بەرپرسە ئەمنیەی عێراق.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەندامانی رێکخراوەکە لەو ناوچانەدان، بەهۆی بوونی “ئەشکەوتی سروشتی یان حەشارگەی دەستکرد کە رێکخراوەکە دروستی کردوون”.

بە گوتەی ئەلنوعمان، ئۆپەراسیۆنەکانی عێراق لە “ناوچەکانی ئەلتارمییە لە باکووری بەغدا و کەرتی رۆژهەڵات و چیاکانی حەمرین و وادی ئەلشای لە باشووری کەرکوک و له باشووری بیابانەکانیش لە موسڵ، چڕبوونەتەوە، هەروەها هەندێک ئۆپەراسیۆنی دیکەش لە بیابانی ئەنبار ئەنجامدراون”.

ئەلنوعمان ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو رێژە راگەیەندراوە دەسگیرکردنی کۆمەڵێک ئەندامی داعشی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیشدا لەخۆگرتبوو، لەسەر بنەمای هەماهەنگی زانیاری و هەواڵگری و ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لەگەڵ “دەزگاکانی دژەتیرۆر” لە سلێمانی و هەولێر.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر