چاوشئۆغڵو: سوورین لەسەر ناردنەوەی پەنابەرە سورییەکان بۆ وڵاتەکەیان
هەولێر – نۆرس پرێس
دوێنێ شەممە، مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا، رایگەیاند، سوورن لەسەر ئەوەی پەنابەرە سوورییەکان بنێرنەوە وڵاتەکەیان و رایگەیاند: “دەمانەوێت نەک بەتەنها بۆ ناوچە ئارامەکان بەڵکو سوورییەکان بۆ ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی رژێمی بەشار ئەسەدیش بنێرینەوە. لەو بارەیەشەوە لەگەڵ رژێم دەستمان بە گفتوگۆ کردووە”.
لەمیانی بەشداریکردنی لە پەخشی راستەوخۆی کەناڵی “NTV”دا چاوشئۆغڵو، چەند پرسیارێکی تایبەتی وەڵامدایەوە و ئەوەشی خستەڕوو کە پێشبینی دەکەن لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماردا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ئانتاڵیا دەنگی زیاتر بەدەستبهێنێت.
وەزیری دەرەوەی تورکیا دەربارەی باسکردنی پرسی پەنابەران لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا رایگەیاند: “کێشەی پەنابەران کێشەیەکی گرنگە، قەیرانی سووریاش هەر کێشەیەکی گرنگە، پرسی کۆچی نایاسایی یەکێکە لە کێشە گرنگەکانی هەموو جیهان، یەکێکە لە تاقیکردنەوەکانی مرۆڤایەتیی و وڵاتان، ئەم کێشەیەش بەردەوام لە جیهاندا روو لە گەورەبوونە و پێویستە بەباشی بەڕێوەببرێت.”
مەولود چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوەشدا کە 553 هەزار پەنابەری سووری گەڕێندراونەتەوە بۆ ئەو ناوچانەی باکووری سووریا کە لە لایەن ئۆپۆزسیۆنەوە کۆنتڕۆڵ کراون و ئەم کارەش لە چوارچێوەی پلانێکی تایبەتدا بەردەوام دەبێت، گوتیشی: “دەمانەوێت نەک بەتەنها بۆ ناوچە ئارامەکان بەڵکو پەنابەرانی سووری بۆ ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی رژێمی بەشار ئەسەدیش بنێرینەوە، لەوبارەیەشەوە لەگەڵ رژێم دەستمان بە گفتوگۆ کردووە”.
ئاشکرایشی کرد کە بەشێکی زۆری پەنابەرە سوورییەکانی نیشتەجێی تورکیا دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان و پێویستە ئەم قۆناغەش لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و یاساکانی تورکیا بەڕێوەبچێت.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەشدا کە یەکێک لە مژارە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکەی ١٠ی ئایاری مۆسکۆ لە نێوان وەزیرانی دەرەوەی رووسیا، تورکیا، ئێران و رژێمی بەشار ئەسەد، ناردنەوەی پەنابەرانی سووری بووە بۆ زێدی خۆیان.