گەڕی دووهەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا دەستیپێکرد

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ یەکشەممە، پرۆسەی دەنگدان لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا دەستیپێکرد.

کاتژمێر هەشتی بەیانی ئەمڕۆ، بنکەکانی دەنگدان بەڕووی دەنگدەراندا کرانەوە و دەنگدان تا کاتژمێر پێنجی ئێوارە بەردەوام دەبێت.

لەم هەڵبژاردنەدا، زیاتر لە 191 ھەزار سندوق بەسەر 1094 بنکەی دەنگدان دابەشکراون بۆ زیاتر لە 60 ملیۆن دەنگدەر کە تەمەنیان لە سەروو 18 ساڵەوەیە و مافی دەنگدانیان ھەیە.

لە هەڵبژاردنی ئەمڕۆدا تەنها دوو بەربژێر کێبڕکێی دەکەن بۆ بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرکۆمار، ئەوانیش کاندیدی “جمهور”، رەجەب تەیب ئەردۆغان و کاندیدی ھاوپەیمانیی “میللەت”، کەمال کڵچدارئۆغڵون.

بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردنی تورکیا، پێویستە بەربژێری سەرۆکایەتیی کۆمار 50+1٪ـی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، بەڵام لە گەڕی دووەمدا واتا لەمەی ئەمڕۆ، بەربەستی 50+1٪ نامێنێت و رکابەرایەتی لەنێوان دوو بەهێزترین بەربژێر دەکرێت کە دەنگی یەکەم و دووەمیان لە گەڕی یەکەم بەدەستهێناوە و هەر کامیان زۆرترین دەنگ بەدەست بهێنێت، دەبێتە سەرۆککۆماری تورکیا.

لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماردا، رەجەب تەیب ئەردۆغان 49.52٪ی دەنگەکان، کەمال کڵچدارئۆغڵو 44.88٪ی دەنگەکان، سینان ئۆغان 5.17٪ی دەنگەکان موحەڕەم ئینجە 0.43٪ی دەنگەکانیان بەدەستهێنا. بەهۆی ئەوەی هیچکام لە بەربژێرەکان 50+1٪ی دەنگەکانیان نەبردەوە، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی لە نێوان ئەردۆغان و کڵچدارئۆغڵو کەوتە گەڕی دووەم.