تیمێکی تەکنیکی سعودیە گەیشتنە دیمەشق بۆ گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزمەکانی کردنەوەی باڵیۆزخانەکە
رەقە – نۆرس پرێس
رۆژی شەممەی ڕابردوو تیمی تەکنیکی پەیوەندیدار بە کردنەوەی باڵیۆزخانەی سعودیە لە دیمەشق گەیشتە پایتەختی سوریا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزمەکانی کردنەوەی باڵیۆزخانەکە.
وەزارەتی دەرەوەی سعودیە، لە تویتێکدا ڕایگەیاند: تیمی تەکنیکی سعودیە کە پەیوەندیدارە بە کردنەوەی باڵیۆزخانەی سعودیە لە سوریا، گەیشتووەتە دیمەشقی پایتەختی سوریا، وەک جێبەجێکردنی بڕیارەکەی شانشینی سعودیە بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانی نوێنەرایەتی دیپلۆماسی خۆی لە سوریا.
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی سعودیە باسی لەوەشکرد، کە تیمی تەکنیکی سعودیە لەگەڵ یاریدەدەری وەزیری دەرەوە لە حکومەتی دیمەشق کۆبوونەتەوە.
لە سەرەتای ئەم مانگە، سعوودیە لە ڕێگەی بەیاننامەیەکەوە کە ئاژانسی فەرمی ڕۆژنامەوانی سعودیە لە زاری وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەوە بڵاویکردووەتەوە، کە دەستپێکردنەوەی کارەکانی نوێنەرایەتی دیپلۆماسی سعودیە لە سوریا ڕاگەیەنراوە.
رۆژی 18ی نیسان، فەیسەڵ بن فەرحان بن عەبدوڵڵا، وەزیری دەرەوەی سعودیە، بە یەکەم سەردانی فەرمی خۆی لەدوای 10 ساڵی دابڕان گەیشتە دیمەشقی پایتەختی سوریا.