مەسرور بارزانی: ئەو گۆڕانکارییانەی لە بودجەدا کراون ستەمکاری و پیلانگێڕیە ناهێڵین سەر بگرێت
هەولێر – نۆرس پرێس
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نوێترین پەیامیدا لەبارەی دەستکاریکردنی ماددەکانی پڕۆژەی بودجە، رایگەیاند، ئەوەی جێی داخە ئەو دەستە ناوخۆییەیە کە بەشدارە لەم پیلانگێڕییە، دەشڵێت، ئەو گۆڕانکارییانەی کراون، ناپاکی و ستەمکاری و پیلانگێڕانە لە دژی هەرێمی کوردستان، بەڵام بە هەمو شێوەیەک ڕوبەڕوی ئەو پیلانگێڕییە دەبینە و ناهێڵین سەر بگرێت.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی دەشتی زرارەتی لە پارێزگای هەولێر کرد و لە نزیکەوە، لە بارودۆخی جوتیارانی پرسی و بەشداری لە دروێنەکردنی دانەوێڵە لەم دەڤەرە کرد، کە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی حکومەت لە دانیشتنێکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە جوتیارانی دەڤەرەکە، رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەمو هەوڵی دەخاتەگەڕ لە پێناو گرنگیدانی زیاتر بە کەرتی کشتوکاڵ و بەبازاڕکردنی بەرهەمی جوتیارانی کوردستان، بە شێوەیەک کە نابێت خەمی ساخکردنەوەی بەرهەمەکانیان هەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو گۆڕانکارییانەی لە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵیدا کراون، ناپاکی و ستەمکاری و پیلانگێڕانە لە دژی هەرێمی کوردستان، بەڵام بە هەمو شێوەیەک ڕوبەڕوی ئەو پیلانگێڕییە دەبینە و ناهێڵین سەر بگرێت.
سەرۆکی حکومەت وتیشی، ئەوەی جێی داخە ئەو دەستە ناوخۆییەیە کە بەشدارە لەم پیلانگێڕییە، لەوەش خراپتر، کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان بەدەسکەوت بۆ خۆیان بزانن. بەڵام دڵنیاتان دەکەینەوە ئەمە هەوڵێکی نەزۆکە و سەر ناگرێت.
هەردو ماددەی 13 و 14ی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 کە شەوی پێنجشەممە لەلیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پەسەندکران، مشتومڕی زۆریان بەدوای خۆیدا هێنا و نوێنەرانی پارتی و یەکگرتوی ئیسلامیش لە لیژنەکە کشانەوە، هەردو فراکسیۆنی یەکێتی و نەوەی نوێش دەنگیانپێدا.
گۆڕانکاری لە پڕۆژە یاساکەدا خەریکە ناکۆکی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا دروستدەکات و بەوهۆیەشەوە کۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان بۆ پەسەندکردنی پڕۆژەی بودجە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.