رەقە – نۆرس پرێس
رۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، بەهۆی خواردنی شیرینیەوە لە دوکانەکانی شارۆچکەی ڕەقەی ڕۆژهەڵاتی باکوری سوریا 32 منداڵ کە تەمەنیان لەنێوان 8 بۆ 12 ساڵیدابووە، ژەهراوی بوون.
مەحمود بوزۆ، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی پسپۆڕی منداڵان لە رەقە ڕایگەیاند، پێنجشەممەی ڕابردوو 26 منداڵی قوتابخانەی گوندی حەمرە بۆتی کە 15 کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی ڕەقەوە دوورە، بەهۆی ژەهراویبوونیان گەیەنرانە نەخۆشخانە.
بوزۆ ئاماژەی بەوەشدا، ڕۆژی دواتر 6 منداڵی تریان وەرگرتووە، بەمەش کۆی گشتی منداڵەکان گەیشتە 32 منداڵ، بە وتەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە، دوای ئەنجامدانی پشکنینی پێویست دەرکەوتووە کە منداڵەکان لە ئەنجامی خواردنی جۆرێک لە شیرینی ژەهراوی بوونە. ئەو حاڵەتانەی کە وەرگیراون لە نێوان سووک بۆ مامناوەنددا بووە.
وتیشی، دوای ئەوەی دڵنیابوون لەوەی باری تەندروستییان جێگیرە دوای ئەنجامدانی شیکاری و پشکنینی پزیشکی پێویست، منداڵەکان رەوانەی مالەکانیان کرانەوە.
رۆژی پێنجی مانگی تشرینی دووەمی ڕابردوو لەکۆی 26 کەس 11 کەسیان گیانیان لەدەستداوە کە بەهۆی خواردنی قارچکەوە ژەهراوی ببوون.