بەرپرسێکی سەربازی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم پرسی سنووری ئێران – عێراق تاوتوێ دەکات
هەولێر – نۆرس پرێس
راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق رایگەیاند، لە پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی کوردستانی عێراق، پرسی ئاسایشی سنوورەکان و بڵاوبوونەوەی هێزە کوردییەکانی ئێران لە سەر خاکی هەرێمی کوردستان، هەروەها ئەنجامی کۆبوونەوەی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران تاوتوێ دەکات.
بەپێی راگەیەندراوەکەی نووسینگەی ئاسایشی نیشتمانی عێراق، قاسم ئەعرەجی، لەسەر داوایی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بە سەرۆکایەتی شاندێکی ئەمنی گەیشتە سلێمانی.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، “سەردانەکەی ئەعرەجی بۆ گفتوگۆکردنە لەسەر رێکارە ئەمنییەکانی پرۆتۆکۆڵی نێوان عێراق و ئێران”.
پرسە ئەمنیەکانی نیوان ئێران و عێراق، پەیوەندی بە پرسە ئەمنییەکانی نێوان هەردوو وڵاتەوە هەیە هەروها هێزە کوردییەکانی دژبەری تارانیش لەخۆدەگرێت، کە ساڵی رابردوو ئێران بە موشەک چەندین هێرش لە دژی بارەگاکانیان لە هەولێر و سلێمانی ئەنجامدا.
سەرەتای مانگی ئایاری ئەمساڵ، ئەعرەجی هەمان پرسی لەگەڵ بەرپرسانی هەولێر تاوتوێ کرد.
لە مانگی ئازاری ساڵی رابردوودا، عەلی شەمخانی سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و قاسم ئەعەرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، راپۆرتی هاوبەشی ئەمنیی نێوان دوو وڵاتیان واژۆ کرد.
ناوەرۆکی راپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر “هەماهەنگی لە پاراستنی سنوورە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات و چەسپاندنی هاوکاری هاوبەش لە چەند بوارێکی ئەمنیدا”.
ئێران دەڵێت، ئامانجی رێککەوتنەکە لەگەڵ عێراق لەم بوارەدا ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو شتەیە کە بە “ئاڵنگاریەکی ئەمنی دەزانێت کە لە ئەنجامی چالاکییەکانی گروپە چەکدارەکان لە کوردستانی عێراقەوە سەرچاوەی گرتووە”.