داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە بەئامانجگرتنی ئۆتۆمبێلێکی سەربازی هێزەکانی هەسەدە لە حەسەکە گرتە ئەستۆ

دێرەزوور – نۆرس پرێس

شەوی هەینی، 26ی ئایاری 2023، دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە ڕێگەی لقەکانی نزیکەوە بەرپرسیارێتی خۆی لە بە ئامانجگرتنی ئۆتۆمبێلێکی سەربازی هێزەکانی سوریای دیموکرات( هەسەدە) لە شارۆچکەیەکی باشووری حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان راگەیاند.

ئاژانسی ئەعماق کە نزیکە لەو رێکخراوە، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە، چەکدارەکانیان بە دۆشکە ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی “هەسەدە”یان کردۆتە ئامانج لەسەر رێگای سەرەکی کە شارۆچکەکانی مەیسەرە/ئەلشەدادی لە باشووری حەسەکە بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

ئەعماق ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی بەئامانجکردنەکەوە، ئەندامێک بریندار بووە و زیان بە ئۆتۆمبێلەکە کەوتووە.

هاوکات رۆژی شەممەی رابردوو، ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە رایگەیاند، کە لە رێگای ئەبو خەشاب لە رۆژئاوای دێرەزوور هێرش کرایە سەر دەورییەکەیان و سێ چەکدار بریندار بوون و یەکێک لە سەرکردەکانی داعشیش لە ناوچەکە رزگاری بوو.

ناوەندەکە لەو کاتەدا رایگەیاندبوو کە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان “تێوەگلانی شانەکانی سەر بە رێکخراوی تیرۆریستی داعش” لە هێرشەکەدا پشتڕاست دەکەنەوە.