حکومەتی سوریا و هێزەکانی رووسیا چەند ناوچەیەک لە باکووری رۆژئاوای سوریا بۆردوومان دەکەن
ئیدلیب – نۆرس پرێس
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا ئەو ناوچانەیان لە باکووری رۆژئاوای سوریا بۆردوومان کرد، کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئۆپۆزسیۆنی سوریادان، ئەمەش بۆ یەکەمجارە لە ماوەی چەند مانگێکدا، هاوکات لەگەڵ بۆردوومانی زەمینی حکومەتی سوریا بۆ سەر ناوچەکە.
سەرچاوە سەربازییەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بە نۆرس پرێسیان راگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا بە چوار هێرشی ئاسمانی، بە بەکارهێنانی مووشەکی بەهێز، میحوەرەکانی “سفوهن و فلیفێل”یان لە چیای زاوییە لە باشووری ئیدلب بۆردوومانکردووە، بەبێ ئاماژەدان بە زیانی گیانی.
ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەشکردووە، هێرشەکانی رووسیا هاوکات بووە لەگەڵ بۆردومانی چڕی تۆپ و مووشەکی لەلایەن هێزەکانی حکومەتی سوریاوە بۆ سەر گوند و شارۆچکەکانی (ئەلفەتیرە، کفرعاوید، سوفوهین، کەنەسفەرە و بینین) لە چیای زاوییە لە باشووری ئیدلب و (ئەلسەرمانییە و ئەلزیارە) لە سەهل غاب لە رۆژئاوای حەمات.
لە هەمان کاتدا چواردەووری شارەکانی دارەت عیزە و ئەتاریب و گوندەکانی (ئەلقاتورە و تەقاد و رەحاب و کفرعەمە) لە رۆژئاوای شاری حەڵەب، لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە کە لە فەوجی 46 جێگیرکرابوون، بەشێوەیەکی پچڕپچڕی تۆپباران کراون.