دابەزینی بەرچاوی لیرەی تورکی بەر لە دەستپێکردنی گەڕی دووهەمی هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ هەینی، دوو ڕۆژ پێش دەستپێکردنی گەڕی دووهەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، کە ئەردۆغان و کلیچدارئۆغڵو لە خولی یەکەمدا پێیان یەکلایی نەکرایەوە، بەهای لیرەی تورکی بۆ ئاستێکی نزم دابەزی کە نزیکەی 20 لیرەی تورکی بوو بەرامبەر بە یەک دۆلار.

بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بەهای لیرە بەرامبەر بە دۆلار 19.9950 لیرە بەرامبەر یەک دۆلار مامەڵەی پێوەکرا و ئەمەش ئاستێکی پێوانەییە لە دابەزینیدا.

بەهەمانشێوەش پشکی سەروەری و بۆندەکانی تورکیا کە بە دۆلارن دادبەزین، هاوکات تێچووی بیمەی بەرکەوتن بە قەرزی تورکیا لە دوای خولی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیا کە لە 14ی ئایار بەڕێوەچوو، زیادی کردووە.

لە مانگی نیسانی ساڵی رابردوودا، نرخی لیرەی تورکیا بۆ هەر دۆلارێک بۆ 19.5996 لیرە دابەزیوە، لە دوای پەسەندکردنی لیرەی نوێ لە مانگی یەکی ساڵی 2005وە ئەمە دابەزینێکی پێوانەییە، بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس.

ئەردۆغان کە دەڵێت گەشەکردن و دامەزراندنی پێ باشترە لە سەقامگیری نرخ، لە کۆتایی ئەمساڵدا رایگەیاندبوو “هەڵاوسان بە خێرایی کەم دەبێتەوە” لە وڵاتەکەیدا و دەگاتە “30% لە چەند مانگی داهاتوودا”.

لای خۆیەوە کلیچدارئۆغڵو بەڵێنیدا کە ئەگەر سەرکەوتوو بێت، کار بۆ گەڕاندنەوەی سەربەخۆیی بانکی ناوەندی بکات.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: عەگید مشمش