ئاوارەیەکی عەفرینی بە بۆردومانی تورکیا بۆ سەر تەل رەفعەت گیانی لەدەستدا
گوندەواری باکووری حەڵەب- نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە، کیژێکی ئاوارەی عەفرین لە نەخۆشخانەی حەلەب، بەهۆی سەختی برینەکانیەوە، گیانی لەدەستدا.
ئەویش بە هۆی تۆپبارانێکی پێشووی تۆپخانەکانی تورکیاوە بۆ سەر شارۆچکەی تەل رەفعەت لە گوندەواری باکوری حەلەب.
رۆژی 26ی تەمموزی ئەمساڵ، فەهیمە رەشۆ (17 ساڵ)، خەڵکی شارۆچکەی جندیرێس لە گوندەواری عەفرین، لەگەڵ پێنج کەسی دیکەدا بە بۆردومانی تۆپخانەکانی تورکیا کە تەل رەفعەت بریندار بوون.
سەرچاوەیەکی تایبەت لە نەخۆشخانەی “ئافرین” لە شارۆچکەی فافینەوە بە نۆرس پرێسی راگەیاند، برینی ئەو کچە گەنجە لە خوێنبەری راستی ڕانی بووە، بۆیە دەستبەجێ گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی نیشتمانی لە حەلەب.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمڕۆ لەکاتی وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانەکە گیانی لەدەستداوە.
هاوکات لەگەڵ بەردەوامی هەڕەشەکانی تورکیا بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە باکووری سووریا، کە مەنبەج و تەل رەفعەت دەکەنە ئامانج، گوندەکانی گوندەواری باکووری حەڵەب تووشی بۆردومانی دووبارەی تورکیا دەبنەوە.