گروپێکی سەر بە تورکیا سێ کەس لە جندرێسی گوندەواری عەفرین دەسگیردەکات

عەفرین – نۆرس پرێس

گروپی “شورتەی عەسکەری” کە لە لایەن تورکیاوە پشتیوانی دەکرێت، سێ کەسیان لە شارۆچکەی جندرێس لە گوندەواری عەفرینی داگیرکراو لە رۆژئاوای کوردستان دەستگیر کرد.

سەرچاوە خۆجێییەکان بە نۆرس پرێسیان راگەیاند، ئەندامانی “شورتەی عەسکەری” سێ کەسی خەڵکی گوندی “کفردلەی خواروو”یان دەستگیرکردووە کە ژنێکیان تێدایە و بردوویانن بۆ شوێنێکی نادیار.

ئاماژەیان بەوەشکرد، دەستگیرکراوەکان سەر بە یەک خانەوادەن، بەناوەکانی (عەبدوڵڵا حاجی حەنان، مەحمود عەبدولڕەحمان حاجی حەنان و نەوال خەلیل حاجی حەنان).

بە گوتەی سەرچاوەکە،هۆکاری دەستگیرکردنەکە ئەوەیە کە “لە پێشوودا پەیوەندییان لەگەڵ بەڕێوبەری خۆسەری لە عەفرین هەبووە”.

بەشی بەدواداچوون و بەبەڵگەکردنی نۆرس پرێس، ژمارەی دەستگیرکراوان لە لایەن گروپەکانی سەر بە تورکیاوە، لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا بە نزیکەی 96 کەسی خەڵکی عەفرین و گوندەوارەکانی دەخەمڵێنێت، کە تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: مالین محەمەد