میسر و سوریا ئاڵوگۆڕی ئەزموون و رەخساندنی هەلی کار تاوتوێ دەکەن

دیمەشق – نۆرس پرێس

دوێنێ چوارشەممە، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی سوریا، لوئەی ئەلمونجید، لەگەڵ حەسەن شەحاتە، وەزیری هێزی کاری میسر باسیان لە ئامرازەکانی بەرزکردنەوەی هاوکاری هاوبەش و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان لە بواری دامەزراندن و رەخساندنی هەلی کار و مەشق راهێنانی هاوبەشی پیشەیی، کرد، لە نێوان سوریا و میسردا.

ئەمەش لە میانەی دیداری وەزیر شەحاتە، لەگەڵ وەزیر مونجید، بە ئامادەبوونی جەمال ئەلقادری ئەمینداری گشتی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی سەندیکاکانی کرێکاری عەرەبی و نوێنەری خاوەنکاران و کرێکاران لە پەراوێزی چالاکییەکانی خولی 49 ی کۆنفرانسی کاری عەرەبیدا هات کە لە قاهیرە بەڕێوەچوو.

ئەلمونجید رۆڵی هێزی کار و حکومەتی میسری بەرز نرخاند، لە سەرپەرشتیکردنی کۆنفرانسی کاری عەرەبی و پەرۆشی بۆ پشتیوانی لە پرسەکانی کار و گوتووێژی نیشتمانی و پشتیوانی لە پرۆسەی راهێنان و دامەزراندن.

لای خۆیەوە شەحاتە جەختی لە “قوڵایی پەیوەندییەکانی میسر و سوریا لە بوارە جیاجیاکان” و ئامادەیی بۆ بەردەوامبوون لە چالاککردنی هاوکارییە هاوبەشەکان بەتایبەتی لە بواری راهێنانی پیشەیی و ئامادەکردنەوەی گەنجان، کردەوە، بەتایبەت دوای گەڕانەوەی سوریا بۆ کورسییەکەی لە کۆمکاری عەرەبی، کە ئەو ئاماژەی پێکرد.

بەگوێرەی راگەێنراوە رۆژنامەوانییەکەی نێوانیان، هەردوو وەزیر جەختیان لە گرنگی رێکارەکانی هاریکاری هاوبەش و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکانی نێوان سوریا و میسر و سود وەرگرتن لە ئەزموونی میسر لە دابینکردنی پرۆگرامی راهێنان بە پێی نوێترین شێواز و مۆدێرنیزەکردنی ژێرخانی ناوەندەکانی راهێنانی پیشەیی و دابینکردنی ئامراز و ئامێری مۆدێرن کە هاوسەنگ بن لەگەڵ گۆڕانکارییە جیهانییەکان کە بازاڕی کار پێویستیانە. ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: محەمەد ئەلقازی