فەرماندەیی ناتۆ لە عێراق دەدرێت بە جەنەڕاڵێکی ئیسپانی

هەولێر – نۆرس پرێس

دوێنێ چوارشەممە،  فەرماندەی ناتۆ لە عێراق رادەستی ئیسپانیا کرا و جەنەراڵە ئیتاڵیایەکەی فەرماندەی پێشوو کە لە ئایاری 2022ـوەوە ئەو پۆستەی وەرگرتبوو، کۆتایی بە راژەکەی هێنرا.

 روپەڕی فەرمی ناتۆ لە عێراق بڵاویکردەوە، کە لە خۆسێ ئەنتۆنیۆ ئاگوێرۆ مارتینێز، جەنەراڵی ئیسپانیا لە ناتۆ، لە رێوڕەسمێکدا بووە فەرماندەی ناتۆ لە عێراق و شوێنی جیۆڤانی ماریا یانووچی، جەنەراڵی ئیتاڵیای گرتەوە.

جیۆڤانی ماریا یانوچی گوتی “لە 12 مانگی پێشوودا بە چڕی کارمان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق و دامەزراوەکان کردووە؛ پێکەوە چەند پێوانەیەکی کارکردنمان داناوە تاوەکو بەخێرایی گۆڕانکاریی پەیکەری و چاکسازیی پێویست بکەین. مەبەست لەمەش کاریگەرترکردنی توانستی ئاسایشی هێز و دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراقە، تاوەکو لەو رێگەیەوە بتوانن وڵاتەکەیان سەقامگیر بکەن، رووبەڕووی تیرۆر ببنەوە و رێگە لە گەڕانەوەی داعش بگرن”،

راشیگەیاند “ئەنجامی بەرجەستە بۆ رەخساندنی هەلومەرجی ئاسایشی بەردەوام لە عێراق و سەقامگیری لە سەرانسەری ناوچەکەدا بەدەستهاتووە. راستییەکەی کاری زیاتر لە پێشە، بەڵام ئەو هاوئاهەنگییەی لەگەڵ هاوکارە عێراقییەکانمان کاری لەسەر کراوە، تۆکمەیە و بەرەو پێشەوە دەڕوات”.

لەو مەراسیمەدا، فەرماندە نوێیەکەی ناتۆ لە عێراق رایگەیاند، “هاوکارە عێراقییەکانمان خاوەن مێژوو، کولتوور، رێکخراوەیی و دابونەریتی خۆیانن. ئەوان دەتوانن بە ویستی خۆیان دامەزراوە ئەمنییەکان بەڕێوەببەن، ئێمە وەکو فەرماندەیی ناتۆ لە عێراق، بەگوێرەی داواکارییەکانی حکومەتی عێراق، بەردەوام دەبین لە پێشکێشکردنی راوێژەکانمان”.