وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و رووسیا ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ دیمەشق تاوتوێ دەکەن
دیمەشق – نۆرس پرێس
دوێنێ چوارشەممە، وەزیرانی دەرەوەی رووسیا و تورکیا، لە ڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوانیانەوە، دۆسیەی ئاساییکردنەوەی نێوان دیمەشق و ئەنقەرەیان تاوتوێ کرد، کە گەیشتووەتە قۆناغی کارکردن لەسەر نەخشەڕێگایەک.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند کە مەولود چاوشئۆغڵو لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ هاوتا رووسیەکەی، سێرگی لاڤرۆڤ، پرسی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشقیان تاوتوێ کردووە.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەدا هاتووە کە “داودئۆغڵو” لەگەڵ “لاڤرۆڤ” باسیان لە پرسەکانی پەیوەست بە کۆبوونەوەی چوارقۆڵی سەبارەت بە سوریا کردووە کە لە 10ی ئایاردا لە مۆسکۆ بەڕێوەچوو”.
ئەو دیدارەی لەو بەروارەدا لە مۆسکۆ بەڕێوەچوو، وەزیرانی دەرەوەی تورکیا، رووسیا، سوریا و ئێرانی کۆکردەوە، یەکەم جار بوو دوای 12 ساڵ دوورکەوتنەوە، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ هاوتا سورییەکەی کۆبکاتەوە.
مۆسکۆ نێوەندگیری لە نێوان دیمەشق و ئەنقەرەدا دەکات بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان، دوای ئەوەی تورکیا یەکێک بوو لە لایەنگرانی بەهێزی گروپە چەکدارەکان لە دژایەتیکردنی حکومەتی سوریادا، هاوکات هەردوولا، دوای پاکێجی گفتوگۆکانی ئەم دواییە، تیشک دەخەنە سەر سێ پرسی سەرەکی، کە بریتین لە ئەو بەشەی خاکی سوریا کە لە ژێر کۆنترۆڵی تورکیادایە کە دیمەشق داوا دەکات بەجێبهێڵرێن، هەروەها دۆسیەی پەنابەرانی سوریا لە تورکیا، جگە لە پرسێکی دیکە کە داواکاری تورکیایە، ئەویش دژایەتیکردنی بەڕێوبەری خۆسەرییە لە رۆژئاوای کوردستان.
چاوشئۆغڵو سێشەممەی رابردوو ڕایگەیاند، بەپێی ئەنجامی کۆبوونەوەکەی 10ی ئایار، کار لەسەر ئامادەکردنی نەخشەڕێگایەک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سوریا دەستیپێکردووە.