پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لە مەنبج دەستیپێكرد

مەنبج – نۆرس پرێس

کۆمپانیای (گەشەپێدانی کۆمەڵگەی کشتوکاڵی) سەر بە بەرێوبەرایەتی خۆسەری رۆژئاوایی کوردستان رایگەیاند، ناوەندی کڕینی گەنم لە شارۆچکەی مەنبج، دەرگاکانی کردەوە بۆ وەرگرتنی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی شارۆچکەکە.

لە 20ی ئایاردا، دەستەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە بەرێوبەرایەتی خۆسەری لە رۆژئاوایی کوردستان، بریارێکی دەرکرد و تێیدا مەرجی کردنەوەی ناوەندەکانی کڕینی دانەوێڵە کە لەلایەن بەرێوبەرایەتی گشتیەوە دیاریکرابوون، بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، لە 23ی ئایاردا ئەشکراکرد.

ئەحمەد محەمەد، سەرۆکی ناوەندی کڕینی گەنم، لە کۆمپانیای گەشەپێدانی کۆمەڵگەی کشتوکاڵی، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “بە پشتبەستن بە فەرمانی ژمارە (1) کە لەلایەن دەستەی کشتوکاڵ و ئاودێری و کۆمپانیای گەشەپێدانی کۆمەڵگەی کشتوکاڵی لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا دەرچووە، ناوەندی کڕینی دانەوێڵە لە ڕێکەوتی 23ی ئایاری 2023ەوە لە شارۆچکەی مەنبج کراوەتەوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، ناوەندی کڕینی گەنم لە مەنبج، توانای هەڵگرتنی هەشت هەزار تۆنە، و گوتی پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران بە درێژایی رۆژانی هەفتە بەردەوامدەبێت، لە کاتژمێر حەوتی بەیانییەوە تاوەکو کاتژمێر پێنجی پاشنیوەڕۆ.

ئەحمەد محەمەد دەڵێت، کۆمەڵێک پسپۆڕ وسەرپەرشتیار دەستنیشانکراون بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی کڕینی گەنم لە جووتیاران، و پێشبینیش دەكرێت بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جوتیاران لە مەنبج بگاتە نزیكەی حەوت هەزار تۆن.

روونیشیکردەوە، تاوەکو ئەمرۆ چواشەممە 24\5\2023 هیچ بارهەلگرێکی گەنم وەرنەگیراوە، هەروەها کۆمپانیای گەشەپێدانی کۆمەڵگەی کشتوکاڵی لە مەنبج گەنم  بە دۆلار لە جوتیاران وەردەگرێت، پارەکەش بە دۆلار بە جوتیاران دەدات.

بەرێوبەرایەتی خۆسەر نرخی هەر یەک کیلۆیەک گەنمی بۆ ساڵی 2023  بە 43  سەنت دەستنیشانکردووە.