ئێوارەی ئەمڕۆ لایەنگرانی چوارچێوەی هەماهەنگی خۆپیشاندان دەکەن
هەولێر- نۆرس پرێس
لیژنەى ئامادەکاریى خۆپێشاندانەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى رێنماییەکی دە خاڵییان لەبارەى خۆپێشاندانەوە بڵاوکردەوە کە بڕیارە ئەمڕۆ لایەنگرانى ئەو هاوپەیمانێتییە لە بەغداى پایتەخت ئەنجامی بدەن. لە رێنوماییەکاندا، کاتی خۆپێشاندان، شوێن و رێگەنەدان بە چوونە نێو ناوچەى سەوز هاتووە.
ئەمڕۆ، لیژنەى ئامادەکاریى پاڵپشتى شەرعیەت و پارێزگارى لە دامەزراوەکانى دەوڵەت کە سەر بە هاوپەیمانیى چوارچێوەى هەماهەنگى، راگەیێندراوێکى لەبارەى رێنماییەکانی ئەو خۆپێشاندانە بڵاوکردەوە کە بەنیازن ئێوارەى ئەمڕۆ ئەنجامی بدەن وەک دژە خۆپێشاندانێک بەرامبەر بە مانگرتنى لایەنگرانى رەوتى سەدر لە نێو هۆڵى پەرلەمانى عێراق.
ئەو لیژنەیە وادە و شوێنى خۆپێشاندانەکەى دیاریکردووە کە کاتژمێر پێنجى ئێوارە دەبێت لەو شەقامەى بەرەو پردى موعەلەق دەڕوات و دەڵێت: “ئامانجى خۆپێشاندانەکە بەرگریکردنە لە دەوڵەت و دامەزراوە دەستوورییەکان و پرۆسەى دیموکراتى و بە ئاڕاستەى هیچ کەس و گرووپێکى دیاریکراو نییە”.
یەکێک لە رێنوماییەکانی دیکە ئەوەیە خۆپێشاندەران نەچنە ناوچەى سەوز و چاوەڕوانى رێنمایی تایبەت بەو پرسە بن و تەنها ئاڵاى عێراق و حوسەینییە و هۆزەکان بەرزبکەنەوە و دواى پڕوپاگەندە و درووشمى دنەدەر نەکەون.
خۆپێشاندانە چاوەڕوانکراوەکەى لایەنگرانى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هەماهەنگى لەکاتێکدایە لە 29ى تەممووزەوە لایەنگرانى رەوتى سەدر لەنێو هۆڵى پەرلەمانى عێراق مانگرتنیان راگەیاندووە و داواى گۆڕانکارى لە پرۆسەى سیاسی دەکەن.
رەوتى و سەدر و چوارچێوەى هەماهەنگى لەسەر پرسی پێکهێنانى حکومەتى عێراقى ناکۆکن و ئاستى ئاڵۆزى نێوانیان گەیشتووەتە تۆمەتبارکردنى یەکدى بە تێکدانى دۆخى عێراق.