ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ چوارشەممە، فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆدەبێتەوە.

بە گوێرەی راگەێنراوەکە، کە لە روپەڕی حکومەت لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوووک بڵاوکراوەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا چەند تەوەرێک تاووتوێ دەکرێن؛ تەوەری یەکەم تایبەت دەبێت بە “خستەڕووی دواپێشهاتەکانی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵانی 2023 – 2025”.

لە هەمان راگەێنراودا هاتووە کە، لە تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکەدا “تاووتوێی بەرەئەنجامی کۆبوونەوەی رۆژی 22ـی ئایاری 2023ـی تایبەت بە دانانی میکانیزمی پێویست بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجومەنی وەزیرانی تایبەت بە رێکخستنەوەی داراییی گشتی دەکرێت”.

راگەێنراوەکەی دەزگای میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوەداوە کە، خستنەڕووی رەشنووسی پرۆژەیاسای وەزارەتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان، تەوەری سێیەمی کۆبوونەوەکە دەبێت.