زیرەکی دەستکرد توانای ناسینەوەی زیاتر لە چوار هەزار زمانی هەیە لەجیهاندا

هەولێر-نۆرس پرێس

زیرەکی دەستکرد توانای ناسینەوەی زیاتر لە چوار هەزار زمانی هەیە لەجیهاندا کە قسەیان پێدەکرێت ئەمەش بەراورد بە تەکنەلۆجیای پێشوو لەم بوارەدا 40 هێندە زیادی کردووە.

کۆمپانیای مێتا رایگەیاند، جۆرێکی نوێ لە زیرەکی دەستکرد دەتوانێت پارێزگاری لەو زمانانە بکات کە لەجیهاندا قسەیان پێدەکرێت و ئەمەشی وەک مۆدێلێکی نوێ لەبواری زمانەوانی ناوبردووە کە دەتوانێت زیاتر لە هەزار و 100 زمان بەکاربهێنێت دەقی نوسراو لەو زمانانەوە بۆ قسە و قسەکردن بگۆڕێت کە ئەمەش 10 هێندە لە تەکنەلۆجیای پێش خۆی لەم بوارەدا بەهێزترە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی کۆمپانیا ئەمەریکییەکە، بەرهەمهێنان و گەشەپێدانی ئەم تەکنەلۆجیا نوێیە بەمەبەستی پاراستنی ئەو زمانانەیە کە لەبەردەم مەترسی لەناوچوندان، ئاماژەی بەوەشکردووە چەندین زمان لەسەرانسەری جیهاندا لەبەردەم مەترسی لەناوچوندان.

کۆمپانیای مێتا نمونەیەک لە تەکنەلۆجیاکەی پێشکەشکردووە بۆئەوەی توێژەران بەشداری لە گەشەپێدانی زیاتر و بەرەوپێشبردنیدا بکەن بۆئەوەی پارێزگاری لە بەزیندوو مانەوەی سەرجەم زمانەکانی جیهان بکرێت، مێتا باسی لەوەشکردووە تەکنەلۆجیای قسەکردن لە زۆر بواری جیاوازدا بەکاردەهێنرێت و لەهەموو زمانێک تێدەگات و لەسەر خواستی بەکارهێنەر خزمەت دەکات.

دەشڵێت، لە داهاتوودا ژمارەی زمانەکان بۆ زیرەکی دەستکرد زیاتر دەکەین بەشێوەیەک بتوانێت شێوازە جیاوازەکانی قسەکردنی هەمان زمان بناسێتەوە  و قسەی پێبکات.