جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری نەوتی عێراق : کار لەسەر زیادکردنی بەرهەمی غاز دەکەین

هەولێر- نۆرس پرێس

جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، هەنگاوی لەپێشینەی وەزارەتەكەيان بریتییە لە زیادکردنی بڕی بەرهەمهێنانی غاز و کاری لەسەر دەکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوتی عێراق رايگەياند، کۆمپانیا تایبەتمەندەکانی کەرتی نەوت و وزە و ژێرخانی ئابوری رۆڵێکی گرنگیان هەبووە لە گەشەپێدانی کەرتی نەوت لە عێراقدا و حکومەتی عێراق و وەزارەتی نەوتیش سورن لەسەر رەخساندنی ژینگەیەکی لەبار بۆ وەبەرهێنان لەپێناو گەیشتن بە ئامانجەکان لەو بوارەدا.

عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق لەچوارچێوەی کۆڕبەندی ئابوری قەتەردا ئاماژەی بەوەکرد، عێراق هەوڵدەدات لەرێگەی بەرنامەیەکی پلان بۆ داڕێژراوەوە بەردەوامی بە پیشەسازی نەوت بدات و بەرهەمهێنانی  غازیش زیادبکات.

هاوکات ئاماژەی بە گرنگی بانگهێشتکردنی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان کرد بۆ بەشداریکردن لە گەڕی پێنجەمدا کە 14 کێڵگەو شوێن لە زۆرێک لە ناوچەکانی عێراقدا لەخۆدەگرێت ئامادەکاری بۆ گەڕی شەشەمیش دەکرێت کە کۆمەڵێک ناوچە دەگرێتەوە.