هەولێر- نۆرس پرێس
بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بەردەوامی هەیە، بەڵام هێشتا هەناردەکردن لەڕێگەی بەندەری جیهانی تورکیەوە دوای دوو مانگ لە راگرتنی دەستیپێنەكردووەتەوە، ئەمەش زیانی زیاتر لە 1.5 ملیار دۆلاری بە داهاتی گشتی عێراق و هەرێمی كوردستان گەیاندووە.
بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، دوای تۆمارکردنی سکاڵا لەلایەن حکومەتی عێراق و بڕیارەکەی دادگای فەڕەنسا و ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی حکومەتی تورکیا لە 25ی ئازاری ئەمساڵەوە هاوردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی راگرت کە 450 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەبوو.
هەرێمی کوردستان بەهۆی نەناردنی نەوت لەرێگەی بەندەری جیهانی تورکییەوە لەماوەی دوو مانگدا 1.5 ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە.
وتەبێژی کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی تورکی بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاند، کێڵگەی نەوتی تەقتەق رۆژانە چوار هەزار و 500 بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت و عەمباری دەکات، هاوکات کێڵگەی خورمەڵە لە ئێستادا رۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت و ئەمەش بەراورد بە مانگێک پێش ئێستا رۆژانە 100 هەزار بەرمیل کەمی کردووە و دوای داخستینی هێڵی هەناردەی نەوت لە بەندەری جیهانەوە رۆژانە 135 هەزار بەرمیل کەمیکردووە.
لایخۆیەوە عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، هەموو رێکارەکانی تایبەت بە دەستپێکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا لەرێگەی بەندەری جیهانەوە تەواو بوون، تورکیا لەمە ئاگادار كراوەتەوە کە هاوردەکردن دەستپێبکاتەوە و عێراق چاوەڕوانی وەڵامی تورکیا دەکات.
هەریەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق رێککەوتون لەسەر هەناردەکردنی 450 هەزار بەرمیل نەوت لەرۆژێکدا لەرێگەی بەندەری جیهانەوە کە ئەوەش 10%ی کۆی گشتی هەناردەی نەوتی خاوی عێراقە لەرۆژێکدا.