108-مین کاروانی سەربازی هاوبەشی روسی-تورکی لە کۆبانی

کۆبانی- نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، پۆلیسی سەربازی رووسیا کاروانێکی هاوبەشی لەگەڵ لایەنی توركی لە گوندەواری رۆژئاوای كۆبانی ئەنجامدا، ئەمەش 108-مین کاروانە لەنێوان هەردوولا لە ناوچەكە لە دوای رێكەوتنی رووسیا و توركیا سەبارەت بە ئاگربەست لە باكووری رۆژهەڵاتی سووریا.

سەرەڕای ژمارەی کاروانە سەربازیەکان کە ئەرکیان چاودێریکردنی پێشکەوتنی ڕێککەوتنی ئاگربەستە، بەڵام پێشێلکارییەکانی هێزەکانی تورکیا هێشتا لە ناوچەکەدا بەردەوامن لە بۆردومان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بەئامانج گرتنی هێزەکانی ئەنجومەنی سەربازی کۆبانی و هاوڵاتیانی سڤیل.

کاروانە سەربازیەکە پێکهاتبوو لە هەشت ئۆتۆمبێلی سەربازیی روسی و توركیا، لە گوندی ئاشمە (20 كم) لە رۆژئاوای كۆبانیوە بەڕێکەوت و بەدرێژایی ڕێگاکە بە گوندەکانی (جەرقلی فەوقانی، قەران، دیکمداش، خورخوری، بۆبان، سفتک، گوڵ بەگ) تێپەڕین تا گەشتنە گوندی تەل شەعیر 4 کم ڕۆژئاوای شاری کۆبانی.

دوای ئه‌وه‌ کاروانەکە لەگه‌ڕانەوەیدا بە گونده‌كانی (سوسان، قولا‌، قه‌ره‌ قەوی ژێروو، بیند‌ر، مه‌شكۆ، جبنە، جا‌رقلی سەروو) دا تێپەڕین ‌تا گوندی ئاشمە.

پاشتر ئۆتۆمبێلە سەربازییە تورکیەکان لە دەروازەی نزیک گوندەکەوە چوونەتە ژوورەوە و ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی رووسیاش گەڕاونەتەوە ناوەندەکەیان لە نزیک شارۆچکەی سەرین لە باشووری کۆبانی.

رۆژی 25ی تەمووزی رابردوو، لایەنەكانی رووسیا و توركیا 107هەمین کاروانی هاوبەشیان لە گوندەواری رۆژهەڵاتی كۆبانی ئەنجامدا.