کێڵگەیەکی عێراق یەکێکە لە 10 گەورەترین کێڵگەکانی نەوت لە جیهاندا

هەولێر- نۆرس پرێس

لیستی 10 گەورەترین کێڵگە نەوتییەکانی جیهان لەروی یەدەگەوە بڵاوکرایەوە و عێراقیش خاوەندارێتی یەکێک لە کێڵگەکان دەکات کە رێژەی یەدەگی بە زیاتر لە 9.3 ملیار بەرمیل دەخەمڵێنرێت کە ساڵی 1954 دەستی بەبەرهەمهێنان کردووە.

بەگوێرەی راپۆرتێک کە لەلایەن کۆمپانیای“Global Data” بڵاوکراوەتەوە، 10 گەورەترین کێڵگەکانی نەوت لەڕووی یەدەگەوە دەکەونە وڵاتانی سعودیە، ئەمەریکا، ئیمارات، کوەیت و عێراق بەمەش کەنداوی عەرەبی خاوەنی زۆرترین رێژەی یەدەگی نەوتی خاوە لەجیهاندا و رابەرایەتی بازاڕی وزەی جیهانی دەکات.

تا کۆتایی ساڵی 2022 رێژەی یەدەگی نەوت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیادی کردوووە.

بەگوێرەی بڵاوکراوەکانی ماڵپەڕی  Oil and Gas Journal، تا کۆتایی ساڵی 2022 رێژەی یەدەگی نەوت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیادی کردووە کە دەگاتە 869.6 ملیار بەرمیل ئەمە لەکاتێکدایە کە پێشتر لەساڵی 2021دا، 860.01 ملیار بەرمیل بووە.

کێڵگەی ڕومێلە لە عێراق لە ڕیزبەندی 10 گەورەترین کێڵگەکانی یەدەگی نەوتە لە جیهاندا و رێژەی یەدەگی نەوت تێیدا دەگاتە 9.3 ملیار بەرمیل و تائێستا بڕی 20.4 ملیار بەرمیل نەوتی لێدەرهێنراوە، کێڵگەکە لەساڵی 1953دا دۆزراوەتەوە و لەساڵی 1954 دەستی بەبەرهەمهێنان کردووە و سێیەکی نەوتی خاوی وڵاتەکەی تێدایە.

لە ئێستادا کێڵگەی نەوتی ڕومێلە 1.4 ملیۆن بەرمیل نەوت لەرۆژێکدا بەرهەم دەهێنێت لەکاتێکدا کۆی بەرهەمهێنانی عێراق 1.7 ملیۆن بەرمیل نەوتە لەڕۆژێکدا.