بەهۆی داخستنی دەروازەی پێشخابوور شیری منداڵان لە نێو بازارەکانی رۆژئاوا کەمبوەتەوە

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

داخستنی دەروازەی پێشخابوور – سێماڵکا لە نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژئاوایی کوردستاندا، بووەتە هۆی کەمبوونی شیری منداڵان لە نێو دەرمانخانەکانی شاری قامیشلۆدا.

دەرمانسازێکی شاری قامیشلۆ بە نۆرس پرێس رایگەیاند، لە دوای داخستنی دەروازی پێشخابوور – سێماڵکا، جۆرەکانی شیری منداڵان (نیدۆ، نیدۆ پڵەس، کیکوز، بەیبی لا و دیالاک) لە نێو دەرمانخانەکانی شاری قامیشلۆدا کەمبوونەتەوە، چونکە ئەو جۆرە شیرانە لە رێگەی دەروازەکەوە هاوەردەی ناوچەکە دەکرا.

ئاماژەی بەوەشکرد، داخستنی دەروازەکە لەناکاو روویداوە، دەرمانخانەکان نەیانتوانیوە روێوشوێنی پێویست بگرنەبەر و شیری منداڵان هەڵبگرن یان رێژەیەکی زۆر هاوەردە بکەن.

ئەو دەرمانسازە دەڵێت:”بەردەوامی داخستنی دەروازەکە دەبێتە هۆی نەمانی شیری منداڵان، لە کاتێکدا شیری “نیدۆ و نیدۆ پڵەس” بە خۆراکی سەرەکی منداڵانی رۆژئاوا و باکوری رۆژهەڵاتی سوریا دادەنرێت.

لەو کاتی نۆرس پرێس رووماڵی کارانەوەکانی داخستنی پێشخابوور – سێماڵکای دەکرد، دانیشتوانی ناوچەکە و بازرگانان، داوایاندەکرد دەروازەکە نەخرێتە نێو پرسە سیاسیەکانی نێوان هەردوو دەستەڵاتی کوردی لە هەردوو دیوی سنوور، هەروەها داوایانکرد دەروازەکە بەڕووی حاڵەتە مرۆییەکان و تێپەڕاندنی کەرەستەی تەندروستی و خۆراکدا بکرێتەوە.