ئوردون لەگەڵ بەرپرسانی نەتەوەیەکگرتووەکان قەیرانی سوریا و چارەنووسی پەنابەران تاوتوێدەکات

دیمەشق – نۆرس پرێس

دوێنێ دووشەممە، ئەیمەن ئەلسەفدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن لە وتووێژێکدا لەگەڵ بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، چارەسەرکردنی قەیرانی پەنابەرانی سوریا پێویستی بە دابینکردنی ژینگەی پێویست هەیە بۆ گەڕانەوەی خۆبەخشانەیان.

ئەلسەفدی باسی هاوکاری لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی کۆبوونەوەی عەممان کرد، بۆ دابینکردنی بارودۆخی ئاسایش و دۆخی ژیانێکی گونجاو بۆ گەڕانەوەی خۆبەخشانەی ئاوارەکان، لەمبارەوە گفتوگۆی بەرفراوانی ئەنجامدرا لەگەڵ مارتن گریفیتس، جێگری سکرتێری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی و مارتن گریفیتس، رێکخەری فریاگوزاری و فیلیپ گراندی، کۆمیساری پەنابەران و گەیر پیدەرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری سوریا.

بەگوێرەی راگەێنراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئوردن، ئەلسەفدی تیشکی خستە سەر هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا، هەروەها دۆزینەوەی میکانیزمەکانی هاوکاری نێوان ئوردن و رێکخراوەنێودەوڵەتییەکان لە رووبەڕووبوونەوەی بارگرانی پەنابەرانی سوریادا.

وەزارەتی دەرەوەی ئوردن رایگەیاند، “ئەلسەفدی کورتەیەکی خستوەتەڕوو بۆ بەرپرسانی نەتەوەیەکگرتووەکان دەربارەی دەرەنجامی کۆبوونەوەکانی جەددە و عەممان و وردەکاری راگەێنراوی عەممان، که نەخشەڕێگای پێشکەوتنی وردی بۆ چارەری سیاسی قه یرانی سوریا خستۆتەڕوو، بە سەرنجدان لە لێکەوتە مرۆیی و ئەمنی و سیاسییەکانی”.

ئەلسەفدی جەختی لە گرنگی هاوکاری نێوان لیژنەی عەرەبی بۆ پەیوەندی لەگەڵ سوریا کە لە لایەن کۆمکاری عەرەبیەوە پێکهێنراوە و نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوەکان لە هەوڵەکانی چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا و کۆتایی هێنان بەوەی کە “بەهۆی وێرانکاری و ئازارەوە بۆ گەلی سوریا” کەوتوونەتەوە.

هەروەها لە دیدارەکەدا هەردوولا تاوتوێی هاریکارییان کرد لە جێبەجێکردنی کۆدەنگی کۆبوونەوەی عەممان بۆ دابینکردنی باری ئاسایش و گوزەرانی پێویست بۆ گەڕانەوەی خۆبەخشانەی ئاوارەکان.

ئەلسەفدی ئاماژەی بە پێویستی هەنگاوی کاریگەر کرد بۆ یارمەتیدانی ئەو پەنابەرانەی کە گەڕانەوە هەڵدەبژێرن، هەروەها هۆشداریدا لە دەرئەنجامەکانی کەمبوونەوەی پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ پەنابەران و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی پێوەندیدار بەوان و وڵاتانی میواندار، جگە لەوەش ئاماژەیدا بە کاردانەوەی کەمکردنەوەی یارمەتی هەندێک رێکخراوی نێودەوڵەتی کە خزمەتگوزاریی پێشکەش بە پەنابەران لە ئوردن دەکەن، جەختی کردەوە لە پێویستی بەردەوام بوون لە پێشکەشکردنی ئەم خزمەتگوزاریانە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئوردن توانای خۆی تێپەڕاندووە بۆ جێگیرکردنی پەنابەران لە کاتێکدا کە شانشینی وڵاتەکە رووبەڕووی ئاستەنگی ئابووری سەخت بووەتەوە، بەو پێیەی “ئەمە بەرپرسیارێتییەکی نێودەوڵەتییە نەک تەنها بەرپرسیارێتی وڵاتانی میواندارە”.

لە کۆبوونەوەکەدا رێککەوتوون لەسەر بەردەوامبوونی هەماهەنگی و کاری هاوبەش بەمەبەستی رەخساندنی هەلومەرجی پێویست بۆ گەڕانەوەی خۆبەخشانەی پەنابەران، هاوکاریکردنی ئەو کەسانەی کە گەڕانەوە هەڵدەبژێرن، هەروەها پشتیوانیی پێویست بۆ ئەوان و بۆ وڵاتانی خانەخوێ.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر