ئامادەکاری دەکرێت بۆ دەرکردنی ئاوارە سورییەکان لە کامپی هۆل

حەسەکە – نۆرس پرێس

بەڕێوبەری کامپی هۆل لە حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، ئامادەکاری دەکات، لە چەند رۆژی داهاتوودا، بۆ دەرکردنی بڕێکی نوێی ئاوارە سوریەکان کە دەیانەوێت لە کامپەکەوە بگەڕێنەوە بۆ شار و شارۆچکەکانیان.

سەرچاوەیەک لە بەڕێوبەری کامپی هۆل بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “ئێستا ئامادەکاریی دەکرێت بۆ دەرکردنی 60 خێزان، کە لە 217 کەس پێکهاتوون، لە کامپی هۆلەوە بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ ناوچەکانی خۆیان لە مەنبیج”.

ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارە رۆژی 29ی ئەم مانگە لە کامپەکە دەربکرێن، ئەگەر هیچ حاڵەتێکی لەناکاو روونەدات، کە ببێتە رێگر لەبەردەم پرۆسەی دەرکردن و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان.

گوتیشی، ژمارەی دەرکراوان دەکرێت بگۆڕێت، لە ئەگەری ئەوەی هەندێک خێزان رەتیبکەنەوە لە کامپەکە دەربچن.

ئەنجومەنی جێبەجێکاری بەڕێوبەری خۆسەری رۆژئاوای کوردستان، بە نێوەندگیری کەسایەتییە ناودارەکانی خێڵەکان، لە مانگی تشرینی یەکەمی 2020دا بڕیارێکی دەرکرد بۆ دەرکردنی سەرجەم ئەو ئاوارە سورییانەی کە دەیانەوێت کامپی هۆل بەجێبهێڵن و بیانگەڕێننەوە بۆ شوێنی نیشتەجێ و زێدی خۆیان.

دوای ئەوە لە تشرینی دووەمی 2022 لە ئەنجامی رووداوەکانی زیندانی سناعەوە، سەرجەم ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕاندنەوەی سورییە ئاوارەبووەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان راگیران.

ئامادەکردنی: ژیندار عەبدولقادر – داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی