پزیشکێکی ئەمریکی هۆشداری دانانی فڵچەی ددان لە گەرماودا دەدات

هەولێر – نۆرس پرێس

ئە‌گە‌ر چی باشترین ڕێگە‌ بۆ پاككردنە‌وە‌ی ددانە‌كان فڵچە‌یە‌، بە‌ڵام دە‌بێت بشزانین مە‌ترسیدارترین رێگە‌شە‌ بۆ توشبوون بە‌ بە‌كتریا، پزیشکێکی ئەمریکی بەناوی جۆردن براون ئاشکرای کردووە، کە بۆچی پێویستە ئاگاداری فڵچەی ددانەکەمان بین و لە گەرماودا جێی نەهێڵین.

براون دەڵێت، “پاککردنەوەی توالێت و گەرماوەکان دەبێتە هۆی دەردانی تەمی ئاوی پیس بۆ هەوا و ئەم بابەتەش رەنگە ببێتە هۆی هەڵمژینی پاشماوە و بڵاوبوونەوەی لە هەموو شوێنێک، تەنانەت فڵچەی ددانیش”.

فڵچەی ددان لە گەرماو تەنها بۆ ماوەی دوو رۆژ وادەكات ببێتە گونجاوترین شوێن بۆ گەشەی بەكتریا ، لە هەمان كاتدا دانانی چەند فڵچەیەكی شۆردنی ددان لە نزیك یەكەوە هۆكار دەبێت بۆ گواستنەوەی بەكتریا لە فڵچەیەكەوە بۆ ئەوانی دیكە و لە هەمان كاتدا تەنها خاوێنكردنەوەی ددان بە ئاو بەس نییە و پێویستە زوو زوو فڵچەی شۆردنی ددان بگۆڕدرێت بۆ ئەوەی هۆكار نەبێت بۆ گواستنەوەی میكرۆب و ڤایرۆس.

بەگوێرەی گوتەی ئەو پزیشکە، پێدەچێت ژووری نوستن باشترین شوێن بێت بۆ هەڵگرتنی فڵچەی ددانی ئاسایی یاخود کارەبایی.

جێگەی ئاماژەیە ئەم پزیشکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تیک تۆک خاوەنی هەوادارێکی زۆرە و رۆژانە بابەتی تەندروستی سەرنجڕاکێش بڵاودەکاتەوە و کاردانەوەی زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنێت.