کڵیچدار ئۆغڵو وەڵامی سینان ئۆغان دەداتەوە
دیمەشق – نۆرس پرێس
سینان ئۆغان، کاندید و دۆڕاوی خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیا، لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕۆژی دووشەممە، داوای لە لایەنگرانی کرد کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئێستای تورکیا لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکاندا هەڵبژێرن.
کەمال کڵیچدارئۆغڵو، کاندیدی ئۆپۆزسیۆن بۆ سەرۆکایەتی تورکیا، وەڵامی ڕاگەیاندنی کاندیدی دۆڕاوی سەرۆکایەتی تورکیا، سینان ئۆغان، لە تویتێکدا کە لە تویتەر بڵاویکردووەتەوە دایەوە و تیایدا ڕایگەیاند، ڕوون بووەتەوە کەوا کێ لە تەنیشت ئەم وڵاتە جوانەوە وەستاوە و کێش بۆ فرۆشتنی وەستاوە.
کڵیچدار ئۆغڵو گوتیشی، ئێمە بۆ ئەوە دێین کە ئەم وڵاتە لە تیرۆر و پەنابەران ڕزگار بکەین، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە ڕیفراندۆمێکی ڕاستەقینەیە و چیتر کەس ناتوانێت کەس فریو بدات.
کڵیچدارئۆغڵو هەروەها داوای لە هەموو ئەو گەنجانەش کرد کە نەهاتنە سەر سندوقەکانی دەنگدان بچنە هەڵبژاردنەکان و دەنگ بدەن.
پێشتر کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ڕایگەیاندبوو، سەرۆک کۆماری تورکیا لە خولی یەکەمدا 49.24%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و کەمال کڵیچدار ئۆغڵوی ڕکابەرەکەی 45.07%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.