“رێگە بە 60 خێزان دەدەن کەمپی هۆل جێبهێڵن”

حەسەکە – نۆرس پرێس

بەرێوبەرایەتی کەمپی هۆل لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوایی کوردستان ئامادەکاری دەکات، لە چەند رۆژی داهاتوودا، رێگە بدات بە دەرچوونی کاروانێکی دیکە ئاوارە سورییەکان کە دەیانەوێت لە کەمپەکەوە بگەڕێنەوە بۆ شار و شارۆچکەکانیان.

 سەرچاوەیەک لە بەرێوبەرایەتی کەمپی هۆل بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “ئێستا ئامادەکارییەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی 60 خێزان کە ژمارەی ئەندامەکانیان 217 کەسن لە کەمپی هۆل دەربچن و بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان لە شارۆچکەی مەنبەج”.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر هیچ حاڵەتێکی لەناکاو روونەدات، ئەوە بڕیارە رۆژی 29ی ئەم مانگە رێگەیان پێدەدرێت دەربچن.

پێشتر ئەنجومەنی جێبەجێکاری بەرێوبەرایەتی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بە نێوەندگیری شێخ و کەسایەتییە ناودارەکانی هۆزەکان، لە مانگی تشرینی یەکەمی 2020  بڕیارێکی دەرکرد بۆ دوورخستنەوەی سەرجەم ئاوارەکانی سوریا لە نێو کامپی هۆلدا، کە دەیانەوێت کەمپی هۆل بەجێبهێڵن و بگەڕێنەوە شوێن و سەر ماڵ گوزەرانی خۆیان.

بەڵام بەهۆی رووداوەکانی گرتووخانەی سیناعە لە شاری حەسەکە، پرۆسەی دەرچوونی ئاوارەکانی سوریا لە کەمپی هۆل راگیرا.