هاوپەیمانی سوری: کۆمکاری عەرەبی بەهەڵەداچووە لە چارەسەرکردنی ئەوەی کە ناویناوە قەیرانی سوریا

ئیدلیب – نۆرس پرێس

دوێنێ یەکشەممە، هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا رایگەیاند کە “کۆمکاری عەرەبی رێگایەکی هەڵەی گرتووەتەبەر بۆ چارەسەرکردنی ئەوەی کە ناوی ناوە قەیرانی سوریا”.

ئەمەش لەزاری هەیسەم رەحمەی ئەمینداری گشتی هاوپەیمانی نیشتمانیی سوریاوە لە میانەی لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا هات، تیایدا جەختی لەوە کردەوە “چارەسەرەکە پێویستی بەوە بوو کە کۆمکار هەوڵی راستەقینە بدات بۆ جێبەجێکردنی بڕیارنامەی 2254ی نەتەوە یەکگرتووەکان و جێبەجێکردنی بە هێزی عەرەبی و ناوچەیی و هاوکاری نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی گەلی سوریا”.

رەحمە گوتیشی، “بڕگەی سێیەمی راگەێنراوی کۆمکارەکە هیچ ئامانجێک بەدەست ناهێنێت، تەنانەت ئەگەر پێشنیارێکی هەنگاو بە هەنگاویش بێت.”

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە “رژێمی عەرەبی لەڕووی ئەخلاقی و سیاسییەوە خۆی تێوەگلاندووە لە چاوپۆشیکردن لەو کۆمەڵکوژی و تاوانانەی رژێمی ئەسەد ئەنجامی داوە، کە مرۆڤایەتی شەرمەزار دەکات و دەرفەتی بەخۆی نەداوە کە بەرپرسیارێتی لەئەستۆ بگرێت دەربارەی ئەوەی رژێمی ئەسەد لە قۆناغی داهاتوودا دژ بە گەلی سوریا ئەنجامیداوە، لە رێگەی گەڕاندنەوەی کورسییەکەیانەوە بەبێ مەرج”.

سکرتێری گشتیی هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا، هەیسەم رەحمە، داوای لە “وڵاتانی عەرەبی کرد کە یارمەتی گەلی سوریا بدەن بە پشتیوانیکردنی چارەسەرێکی سیاسی لەسەر بنەمای بڕیارنامەی 2254ی نێودەوڵەتی بە شێوەیەک کە گەرەنتی پرۆسەی گواستنەوەی سیاسی و بەدیهێنانی بەرژەوەندیی سوریاییەکان بکات “.

هەینی رابردوو، بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری سوریا، بۆ یەکەمجار دوای 12 ساڵ بەشداری لە دانیشتنی 32ی لوتکەی عەرەبی لە شاری جددەی سعودیە کرد، ئەمەش دوای بڕیاری کۆمکاری عەرەبی بۆ رێگەدان بە گەڕانەوەی دیمەشق بۆ سەر کورسی خۆی لەو خولەدا.

هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا پێشتر لێدوانی لەسەر بەشداریکردنی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا لە لوتکەی عەرەبی دابوو و بە “سەرپێچیکردن بە قوربانیدانی سورییەکان”ی زانیبوو.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: مالین محەمەد