هەولێر – نۆرس پرێس
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، یەکەم باری دانەوێڵەی ئۆکرانیا بەندەری ئۆدێسای بەجێهێشت، ئەمەش دوای دە ڕۆژ دێت لە ڕێککەوتنی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، لەسەر داوای نەتەوە یەکگرتووەکان / گرێبەست لە ئەستەنبوڵ.
ئەو ڕێککەوتنەی لە ٢٢ی تەمموزدا واژۆ کراوە، ڕێگە بە هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا دەدات، وا بڕیارە کاریگەرییەکانی قەیرانی خۆراکی جیهانی کەم بکاتەوە کە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخەکان لە هەندێک لە هەژارترین وڵاتانی جیهان.
ئەگەر ئەم کەشتییە تێپەڕێت، کەشتی دیکە بەدوایدا دێن بۆ گواستنەوەی دانەوێڵەی ئۆکرانیا و ئەمەش دوای چەند مانگێک لە گەمارۆدان دێت بەهۆی هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە بیست و چواری شوباتەوە.
وەزارەتی بەرگری تورکیا لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، “کەشتی بارهەڵگری (رازۆنی) کە ئاڵای سیرالیۆن هەڵدەگرێت و گەنمەشامی هەڵگرتووە، کاتژمێر 05:30 بە کاتی گرینیچ بەندەری ئۆدێسا بەجێدەهێڵێت و بەرەو لوبنان دەڕوات”.
جگە لەوەش، ماڵپەڕی “مارین ترافیک” کە روپێوی جووڵەی کەشتییەکان دەکات، ڕایگەیاندووە کە کەشتی بارهەڵگری “ڕازۆنی” هێشتا لە بەندەری ئۆدێسای ئۆکرانیایە ڕۆژی دووشەممە کاتژمێر پێنجی بەیانی، هەرچەندە بەرپرسانیان ئاگادارکردوەتەوە کە لە کاتژمێر چوار و نیو بە کاتی گرینیچ بەندەرەکە جیدەهێڵێت.
بەپێی ماڵپەڕە ئەوروپییەکان، کەشتییەکە کە توانای هەڵگرتنی 30 هەزار تۆن هەیە، ئەمڕۆ یەکەم باری دانەوێڵە دەنێرێت.