لە پەرلەمانی کوردستان کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان کارا کرایەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستاندا، بە دەنگی 58 پەرلەمانتار کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان کارا کرایەوە.

کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان بە ئاڵۆزی دەستیپێکرد، بەهۆی ئەوەی دوێنێ بەبێ رەزامەندیی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن لەلایەن جێگری سەرۆک و سکرتێری پەرلەمانەوە خراوەتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە.

بە گوێرەی ئەوەی میدیاکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان گواستیانەوە، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا دوای دروستبوونی ئاڵۆزی و گرژی، رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەکەی دواخست، بەڵام هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان رەتیکردەوە کۆبوونەوە دوابخرێت و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی خستە دەنگدانەوە و بە دەنگی 58 پەرلەمانتار کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان کارا کرایەوە.

دواتر فراکسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی کوردستان راگەێنراوێکی نارەزایەتییان بڵاوکردەوە و تیایدا رەتیانکردەوە کە دان بە کاراکردنەوەی کۆمسیۆندا بنێن، گوتیسیان “پرسی ھەمواری یاسای ھەلبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن دوو پرسی نیشتمانین دەبێت دوای رێکەوتن و سازانی ھێزە سیاسیەکان ھاوتەریب بەیەکەوە بخرێنە بەرنامەی کار و کاریان لەسەر بکرێت”.