سەرچاوە ئاوییەکانی سوریا: بارانبارینی ئەم دواییە کاریگەری ئەرێنی نەبووە لەسەر بەنداوەکان
دیمەشق – نۆرس پرێس
دوێنێ یەکشەممە، تەمام رەعد، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان لە حکومەتی سوریا رایگەیاند، بارانبارینی ئەم دواییە کاریگەری ئەرێنی نەبووە لەسەر توانای بەنداوەکان.
ئەمەش لە دانیشتنی شەشەمی خولی ئاسایی نۆیەمی یاسادانانی ‘ئەنجومەنی گەل’دا هات، بۆ تاوتوێکردنی کارەکانی وەزارەتی سامانەکانی ئاو و پرسەکانی پەیوەست بە کارەکانیەوە، بەگوێرەی ئەوەی کە دەزگای فەرمی “سانا” بڵاویکردۆتەوە .
رەعد ئاماژەی بە ئاستەنگەکانی بەردەم کەرتی ئاو کردووە، دیارترینیان گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کە کاریگەرییان لەسەر کۆگاکانی بەنداوەکان هەبوو.
ئاماژەی بەوەشداوە کە سەرەڕای بارانبارینی ئەم دواییە کە لە وەرزی پێشوو باشتر بووە، بەڵام رەنگدانەوەی ئەرێنییان لەسەر توانای بەنداوەکان نەبووە.
راشیگەیاندووە، تێکڕای رێژەی هەڵگرتنی بەنداوەکانی عاسی گەیشتووەتە 36%، حەوزی کەنار 65%، حەوزی بەردی و ئەلئەعواج 9% ، حەوزی یەرموک 32% و تێکڕای کۆی گشتی 34%.
وەزیرەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوەی “دۆخی ئاوی خراپتر کردووە، کەمکردنەوەی هاوردەکردنی رووباری فوراتە لەلایەن داگیرکەری تورکیاوە، کە کاریگەری نەرێنی لەسەر پشکی سوریا و عێراق لە پڕۆژەکانی ئاوی خواردنەوە و ئاودێریدا هەبووە.”