بەڕێوبەری خۆسەری 108 کەس لە ماڵباتەکانی داعش رادەستی تاجیکستان دەکاتەوە
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە، نووسینگەی ڕاگەیاندنی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوبەری خۆسەری رایگەیاند، کە 108 کەسیان لە ماڵباتەکانی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش” رادەستی کۆماری تاجیکستان کردووەتەوە.
نووسینگەی راگەیاندن لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ نۆرس پرێس رایانگەیاند، ئەو گروپەی رادەستکراونەتەوە 80 منداڵ و 28 ژن لەخۆدەگرێت، کە لە کامپی هۆل و رۆژەوە لە رۆژئاوای کوردستانەوە نێردراونەتەوە بۆ تاجیکستان.
ئەم گەشتە لە چوارچێوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکاندا دێت بۆ کۆتاییهێنان بە دۆسیەی ئەو کامپانەی لە رۆژئاوای کوردستانن، کە بنەماڵەی ئەندامانی رێکخراوی توندڕەوی داعش، لە نەتەوە جیاوازەکانی جیهان لەخۆدەگرن.
لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی تاجیکستان له بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، لەسەر رێنمایی راستەوخۆی سەرۆککۆماری تاجیکستان “ئیمام عەلی رەحموون”، گروپی دووهەم کە لە 104 هاووڵاتیی کۆماری تاجیکستان پێکهاتبوون و سەرجەمیان ژن و هەرزەکار و منداڵی بچووکن، بە گەشتێکی تایبەت لە سوریاوە گیڕدرانەوە بۆ وڵاتەکەیان.
هەروەها لە بەیاننامەکەی تاجیکستاندا هاتووە کە لەسەر داوای لایەنی کازاخستان، هاووڵاتیانی ئەو وڵاتەش لە هەمان گەشتدا رادەستی وڵاتەکەیان کرانەوە.
وەزارەتی دەرەوەی تاجیکستان لەگەڵ بەیاننامەکەیدا کە لە ماڵپەڕی فەرمی خۆیدا بڵاوکراوەتەوە، کۆمەڵێک وێنەی هاوپێچ کردووە کە ژن و منداڵی باڵاپۆش لە فڕۆکەی “ئەجنیحەت ئەلشام ئەلسورییە” دادەبەزن، وادیارە لە فڕۆکەخانەی وڵاتەکە، لە تاجیکستان نیشتوەتەوە.