بارانی بەخوڕ و تەرزە زیانێکی زۆر بە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان رۆژئاوا گەیاندووە
حەسەکە – نۆرس پرێس
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ی ئایاری 2023، بارانێکی بەخوڕ، تەرزە و رەشەبای بروسکاوی بەهێز لە ناوچەکانی دەوروبەری شاری حەسەکەی رۆژئاوایی کوردستان باریوە و زیانی بەو بەروبوومانە گەیاندووە کە بۆ دروێنەکردن ئامادە دەکران.
بەڕێوبەرایەتی کشتوکاڵی شاری حەسەکە سەر بە حکومەتی دیمەشق، لە بەیاننامەیەکدا بۆ مالپەری “ئەسەر پرێس”، کە ماڵپەڕێکی نزیکە لە خۆی، رایگەیاندووە، لە ناوچەی تەلتەمر لە باکووری حەسەکە، بە رێژەی 88 ملم بارین باریوە لە شارۆچەکەی تل براکێشیش 32 ملم باریوە.
عەلی خەلوف، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی حەسەکە رایگەیاند، بەهۆی بارانبارین و تەرزە بارینەوە زیان بە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان گەیاندووە، کە رەنگە دوای ئەم بارانە شیاو نەبن بۆ دروێنەکردن.
ئاماژەی بەوەشکرد، بارانبارین لەم ماوەیەی ساڵدا هیچ کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر بەروبوومەکان نییە، “چونکە چووینەتە قۆناغی دروێنەکردنەوە”.
لای خۆیەوە، عەبدولعەزیز ئەمین، بەڕێوەبەری سەرچاوە ئاوییەکانی حەسەکە، لە بەیاننامەیەکدا بۆ ئاژانسی سانای سوریا ڕایگەیاند، رێژەی هەری زۆری بارانبارین لە ڕۆژئاوایی شاری حەسەکە باریوە، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو ودروستبوونی لافاو.
نۆرس پرێس پەیوەندی بە لیژنەکانی کشتوکاڵی حەسەکە و قامیشلۆوە کرد، بەڵام هیچ لێدوانێکیان لەسەر ڕێژەی زیانەکان نەدا و تەنها ئەوەیان ڕاگەیاند کە لیژنەکانیان لە بەدواداچوون بەردەوامن بۆ تۆمارکردنی رێژەی زیانەکان.