هەردوو لایەنی ململانێکەی سودان رێککەوتنی ئاگربەستیان واژۆکرد
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئێوارەی دوێنێ شەممە، هەردوو لایەنی ململانێی سودان لە شاری جەددەی سعودیە رێککەوتنی ئاگربەستێکیان بۆ ماوەی 7 رۆژ ، بە ئامانجی گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانی گەلی سودان، واژۆ کرد.
لە راگەێنراوی هاوبەشی سعودیە و ئەمریکادا هاتووە کە نوێنەرانی سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا رێککەوتنێکیان بۆ ئاگربەستی کورتخایەن و رێکخستنەوەی کاروبارە مرۆییەکان واژۆ کردووە.
رێککەوتنەکە وەک یەکەم ئاگربەستی فەرمی دێت بە ئامادەبوونی هەردوولا، دوای زیاتر لە پێنج هەفتە شەڕی خوێناوی لە خەرتومی پایتەخت و ناوچەکانی دیکەی وڵات، کە تێیدا سەدان قوربانی لێ کەوتووەتەوە.
رێککەوتنەکە 48 کاتژمێر دوای واژۆکردنی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، هاوکات بۆ ماوەی حەوت رۆژ کارا دەبێت و دەتوانرێت بە ڕەزامەندی هەردوولا درێژبکرێتەوە.
لە راگەینراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە، هەردوولا رێککەوتوون لەسەر ئاسانکاری بۆ گەیاندن و دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان و گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و کشانەوەی هێزەکان لە نەخۆشخانەکان و دامەزراوە گشتییە سەرەتاییەکان.
رێککەوتنەکە رێگە دەدات کاڵاکان بەبێ بەربەست لە بەندەرەکانەوە بچنە ژوورەوە و پێشکەش بە دانیشتوان بکرێت، لە ڕێگەی بڕگەیەک لە رێککەوتنەکەدا کە ئاسانکاری بۆ تێپەڕبوونی سەلامەت بۆ لایەنەمرۆییە کاریگەرەکان و کاڵاکان دابین دەکات.
لە رێککەوتنەکەدا داوا لە هەردوولا دەکرێت لە ماوەی 48 کاتژمێردوای واژۆکردنی رێککەوتنەکە و پێش دەستپێکردنی ئاگربەست، کە لە کاتژمێر 09:45ی شەوی دووشەممەی داهاتوو بەکاتی خەرتوم دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
هەروەها ئاماژە بە رێککەوتنێک کراوە بۆ پێکهێنانی میکانیزمێک بۆ چاودێریکردنی ئاگربەستەکە، بە پاڵپشتی سعودیە و ئەمریکا و دەزگا نێودەوڵەتییەکان.
رێککەوتنەکە رێگە خۆشدەکات بۆ گفتوگۆکانی دواتر لە جەددە بۆ چارەسەرکردنی هەنگاوە پێویستەکان بۆ گەیشتن بە وەستانی هەمیشەیی شەڕەکان، بەمەبەستی هەنگاونان بەرەو پرۆسەیەکی سیاسی بۆ دەستپێکردنەوەی رادەستکردنی دیموکراسی و پێکهێنانی حکومەتێکی مەدەنی.
هێزەکانی ئازادی و گۆڕانکاری لە سودان، کە هاوپەیمانییەکە کۆمەڵێک پارتی سیاسیی پشتیوان لە حوکمڕانی دیموکراسی لەخۆدەگرن، پێشوازییان لە رێککەوتنی ئاگربەست کرد، بەو هیوایەی کە هەنگاوێکی دیکە بۆ پێشەوە لە رێگای وەستاندنی تەواوەتی شەڕ پێکبهێنێت.