کوژرانی گەنجێکی سوری بەدەستی خاوەنکارە تورکەکەی لە ئیستەنبوڵ

ئیدلیب – نۆرس پرێس

دوێنێ شەممە، گەنجێکی سوری لەلایەن خاوەنکارە تورکەکەیەوە کە لە ناوچەی “بایرام پاشا”ی ئیستەنبوڵ لە لای کاری دەکرد، بە چەقۆ لێدرا و گیانی لەدەستدا.

“مالیک دەروێش”، هاوڕێی گەنجە کوژراوەکەیە، کە ناوی “ساڵح ئەلعەبد سەباک”ە، لە روپەڕی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، ئەو گەنجە لە کاتی شەڕدا لەگەڵ خاوەنکارەکەیدا کوژراوە، کە بە ئامێرێکی تیژ ‘چەقۆ’ لێیدراوە، لەبەرئەوەی داوای شایستەی کارەکەی کردووە.

ئەو گەنجە سورییەخەڵکی گوندی “ئەلجابر”ە لە گوندەواری رەققەیە.

لە بیست و چواری مانگی نیسانی رابردوودا، گەنجێکی سوری خەڵکی ئیدلبی باکووری رۆژئاوای سوریا، گیانی لەدەستدا، دوای ئەوەی لە کاتی هێرشی کۆمەڵێک گەنجی تورک لە شاری “کیلیس” لە باشووری تورکیا، بە چەقۆ لێیدرا و پێدەچێت پاڵنەرەکانی رەگەزپەرستی بن .

سورییەکان لە تورکیا بە مەبەستی رەگەزپەرستی دووچاری هێرش و پەلامار دەبنەوە کە لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا زیادیانکردووە، بە پێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی دەیان هاوڵاتی سوریا.

ژمارەی پەنابەرانی سوری لە تورکیا، بەپێی ئامارێکی نوێ کە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی کۆچی تورکیاوە دەرچووە، سێ ملیۆن و 627 هەزار پەنابەرە، 59 هەزار و 785 پەنابەریان لە کەمپەکاندا نیشتەجێن.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: مالین محەمەد