لاڤرۆڤ: ئامانج لەو بڕیارانەی گروپی حەوت دوو جار سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی رووسیا و چینە

دیمەشق– نۆرس پرێس

دوێنێ شەممە، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، ئەو بڕیارانەی لە لوتکەی گروپی حەوت لە ژاپۆن دراون بە ئامانجی “دوو جار سنووردارکردنی” دەسەڵاتەکانی رووسیا و چین بووە.

لاڤرۆڤ لە کۆنفرانسێکی تەلەفزیۆنیدا، جەختی لە بڕوای رووسیا کردەوە کە “رۆژئاوا ئۆکرانیا وەک ئامرازێک بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی شکستی ستراتیژی بە رووسیا بهێنێت.”

لەبەرامبەردا،  ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ئەوە رەتدەکەنەوە و دەڵێن “هاوکاری کیێڤ دەکەن بۆ بەرگریکردن لە خۆی لە دژی جەنگێکی نایاسایی”.

لاڤرۆڤ هه‌روه‌ها گوتی: “ئامانجەکە روون و ئاشکرابوو، بڕیارەکانی لووتکەی وڵاتانی G7 بۆ شکستپێهێنانی رووسیابوو لە گۆڕەپانی جەنگ، بەڵام تەنیا ئەوەنا، بەڵکو رووسیا وەک رکابەرێکی جیۆپلیتیکی نەهێڵن”.

ده‌شڵێت: “هەر وڵاتێک بیەوێت بە جۆرێک لە جۆرەکان پێگەیەکی سەربەخۆی لە جیهاندا هەبێت، هەوڵی کپکردنی دەدرێت”.

هەینی پێشوو، لە شاری هێرۆشیمان باشووری رۆژئاوای ژاپۆن، لوتکەی 2023ـی سەرکردەکانی G7 دەستیپێکرد، کە ئەو وڵاتە خۆی سەرۆکایەتی دەکات و سێ رۆژ دەخایەنێت.

لەو لوتکەیەدا کە لە ژاپۆنی خانەخوێ بەڕێوەردەچێت، هەریەک لە سەرکردەکانی ئەمه‌ریکا، فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، کەنەدا و ئیتاڵیا بەشدارن.

وا بڕیارە ئەمڕۆ دوا رۆژی لوتکەکە بێت، جگە لە وڵاتانی G7 هەریەک لە یەکێتیی ئەوروپا، ئیندۆنێزیا، هیندستان، کۆریای باشوور، ئوسترالیا و ڤێتنام بانگهێشتکراون.