دەستپێکردنی دەنگدانی گەڕی دووهەمی هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە دەرەوەی وڵات
دیمەشق – نۆرس پرێس
دوێنی شەممە، هاووڵاتیانی تورکیا لە دەرەوەی وڵات چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ ئەنجامدانی گەڕی دووهەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیا.
ئەنجوومەنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا کردنەوەی 167 بنکەی دەنگدانی لە 73 وڵاتی جیهان راگەیاند.
هەڵبژاردنی دەنگدەرانی تورکیا کە لە دەرەوەی وڵات دەژین تا 24ی ئایار بەردەوام دەبێت.
رەجەب ئەردۆغان و کەمال کلیچدارئۆغڵو کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری، دوای ئەوەی بڕیارەکە بۆ قۆناغی دووەم دواخرا، چونکە هەردوو رکابەرەکە نەیانتوانی لە قۆناغی یەکەمدا یەکلایی بکەنەوە.
گەڕی دووهەمی هەڵبژاردنەکان لە ناوخۆی تورکیا لە 28ی ئایار بەڕێوەدەچێت و گەورەترین ئاڵنگاری سیاسییە بۆ سەرۆکی ئێستای تورکیا.
نزیکەی سێ ملیۆن و 400 هەزار هاوڵاتی تورک مافی دەنگدانیان هەیە لە دەرەوەی وڵات، لە کۆی گشتی ژمارەی دەنگدەرانی کە زیاتر لە64 ملیۆن کەسن.
ئەو دوو لایەنە پشت بە لایەنگرانی خۆیان دەبەستن کە کاریگەرییان لەسەر رێژەی هەریەک لە رکابەرەکان دەبێت و جیاوازی نێوانیان تەنها نزیکەی 5%یە.
ئەڵمانیا شوێنی گەورەترین پێکهاتەی تورکە لە دەرەوەی وڵات، کە نزیکەی 1.5 تورک مافی دەنگدانیان هەیە لەو وڵاتە.
لە دەنگدانەکەی رۆژی یەکشەممەدا پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتداری ئەردۆغان و هاوپەیمانە ناسیۆنالیستەکانی زۆرینەی پەرلەمانیان بەدەستهێنا.
کلیچدارئۆغڵو کاندیدی هاوپەیمانی شەش قۆڵی ئۆپۆزسیۆن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا 44.88%ی پاڵپشتییەکانی بەدەستهێنا و دوای ئەردۆغان کەوت کە 49.52%ی بەدەستهێنا و بە پێچەوانەی راپرسییەکانەوە کە لە بەرژەوەندی سەرکەوتنی کلیچدارئۆغڵو بوون.
ئێستا سەرنج لەسەر کاندیدی ناسیۆنالیستی سینان ئۆگانە کە بە 5.17% پشتیوانی لە پلەی سێیەمدا هاتووە، هەر بڕیارێکی ئەم بۆ پشتگیریکردنی کاندیدێک لە هەڵبژاردنی دووەمدا، پێدەچێت یەکلاکەرەوە بێت.