شەش ڕێکاری بەپەلە بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون
هەولێر – نۆرس پرێس
وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان، شەش ڕێکاری بەپەلە و گرنگی بۆ ڕێگری لە پەرەگرتنی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون دەرکردووە و داوای کۆنترۆڵکردنی دیاردەی هێنانی ئاژەڵ بە شێویەکی نافەرمی دەکات.
ڕێکارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە پێکهاتوون لەوەی کە پێویستە ئاژەڵەکان لە سەربڕخانە فەرمییەکان سەر ببڕدرێن و بە پشکنین و مۆری فەرمیی ڤێرتێرنەری بچێتە بازاڕەوە و سەربڕینی ئاژەڵیش لەسەر ڕێگاکان و لاکۆڵانەکان قەدەغەیە.
هەروەها دەبێت پشکنین بۆ ئاژەڵەکان پێش سەربڕین و دوای سەربڕین بکرێت، بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە تەندروستیی ئاژەڵەکە و پێویستە ڕێکارە تەندروستییەکان بۆ پۆشینی جلوبەرگی تایبەت و کەلوپەلی سەربڕین لە سەربڕخانەکاندا ڕەچاو بکرێت.
رێکارەکان هەروەها پێکهاتوون لە کەرەنتینەکانی ئاژەڵ لە مەرز و فرۆکەخانەکاندا، پێویستە پشکنینی ورد بۆ ئەو ئاژەڵانە بکەن کە دێنە ناو هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە تەندروستیی ئاژەڵەکان.
وەزارەتی کشتوکاڵ ڕێکاری پێویست دەگرێتە بەر بە مەبەستی دابینکردنی دەرمانی شوشتنی ئاژەڵ بۆ لەناوبردنی مشەخۆری دەرەکی (قڕنە) کە هۆکاری سەرەکیی گواستنەوەی ڤایرۆسی نەخۆشیی تای خوێنبەربوونە لە نێوان ئاژەڵەکان، ئەم هەڵمەتە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان دەبێت.
کۆنترۆڵکردنی دیاردەی هێنانی ئاژەڵ بە شێوەیەکی نافەرمی و لە سنوورەکانی دەرەوە و نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، هەروەها ڕێگەگرتن لە هێنانی ئاژەڵ لەو پارێزگایانەی کە نەخۆشیی تای خوێنبەربوونی تێدا بڵاو بووەتەوە.
وەزارەتی کشتوکاڵ جگە لە دەرکردنی چەند ڕێکارێک بۆ ڕێگری لە پەرەگرتنی ئەو نەخۆشییە، هانی هاووڵاتییان و گۆشتفرۆشانیش دەدات خۆیان بپارێزن و ڕێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێ بکەن.