سزای بەندکراوێکی دیکە بەناوی شەهرام شەرقی جێبەجێکرا و لەسێدارەدرا

هەولێر – نۆرس پرێس

سزای بەندکراوێکی دیکە بەناوی شەهرام شەرقی جێبەجێکرا و سزادراوەکە لەسێدارەدرا بەو هۆیەوە ژمارەی لەسێدارەدراوانی ئەمڕۆ رۆژی شەممە، لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج گەیشتە چوار کەس.

بەپێی زانیارییەکانی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ؛ بەندکراوانی نێو ئەو بەندیخانەیە بەکۆمەڵ مانیان لە خواردن گرت و ناڕەزایەتیان دەربڕی.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی کە گەیشتووەتە دەست ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ؛ بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممە، سزای سێدارەی بەندکراوێک بە ناوی شەهرام شەرقی، بە تۆمەتی بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا. بۆیە تێکڕای بەندکراوانی نێو ئەو بەندیخانەیە بە نیشانەی ناڕەزایەتی بەکۆمەڵ مانیان لە خواردن گرت.

ڕۆژی هەینی، پاش ئەوەی کە هەنگاو هەواڵی گواستنەوەی ئەو چوار بەندکراوەی بۆ ژووری تاکەکەسی بەندیخانەی قزڵحیسار بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەیان بڵاوکردەوە، بنەماڵەی ئەو بەندکراوانە و ژمارەیەک هاووڵاتییەکی دیکە لە پێش دەرکی ئەو بەندیخانەیە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا بەڵام لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە هێرشکراوەتە سەریان و بە چەکی ساچمەیی تەقەیان لەو خەڵکە ناڕازییە کردووە.

شایانی باسە کە لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا دەیان کەسی ناڕازی کە کۆمەڵێکیان ژن بوون، لە پێش دەرکی بەندیخانەی قزلحەساری کەرەج بە چەکی ساچمەیی سەر، دەموچاو، دەستێک و لاقێکیان بریندار بووە.