فەرماندەیەکی سەربازی رووسیا : ئەمڕۆ هێزەکانمان شارێکی ئۆکرانیای بەتەواوەتی کۆنتڕۆڵکرد
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ شەممە لەڕاگەیەنراوێکدا، یەڤگنی پریگۆژین، فەرماندەی گروپی ڤاگنەری سەربازی تایبەتی ڕوسیا ڕایگەیاند، هێزەکانمان دوای 224 رۆژ شەڕکردنی بەردەوام، شاری بەخموتان لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیای بەتەواوەتی کۆنتڕۆڵکردووە، ڤۆڵۆدمیر زلێنسکی سەرۆكی ئۆكرانیا ئەو شارەی وەک قەڵایەک وەسف کردبوو.
ئەوەشی خستەڕوو کە رۆژی پێنجشەممە بەفەرمی شاری باخموت رادەستی سوپای روسیا دەکەن، بۆئەوەی کۆنتڕۆڵی سەرجەم جومگە و ناوەندەکانی ئەو شارە بکرێت.
باخموت یەکێکە لەو شارانەی کە توندترین شەڕی بەخۆیەوە بینیوە لە دوای دەستپێکردنی هێرشی سەربازیی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە کۆتایی مانگی شوباتی ساڵی ڕابردوو.
تا ئێستا حکومەت و سوپای ئۆکرانیا لەبارەی کشانەوەیان لە باخموت و کۆنتڕۆڵکردنی لەلایەن هێزەکانی ڤاگنەرەوە، هیچ رونکردنەوە و راگەیەندراوێکیان بڵاونەکردووەتەوە.
ژمارەی دانیشتوانی باخموت پێش جەنگ لە 70 هەزار کەس پێکهاتبوو، بەڵام لەئێستادا تەنها نزیکەی سێ هەزار کەس لەو شارەدا ماون.