ئەردۆغان: تاکە هەنگاو بۆ ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەسەد پرسی کوردە

دیمه‌شق – نۆرس پرێس

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رەتیکردەوە هیچ مەرجێکی پەیوەست بە ئۆپۆزسیۆنی سوریا و شێوازی تازەیی “رژێمی سوریا” دابنێت، لەبەرامبەر ئاشتبوونەوەی لەگەڵ “ئەسەد” دا،  ئاماژە بەوەشکرد کە تەنها پرسی کوردی لای گرنگە.

 ئەردۆغان کە لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا تا رادەیەکی زۆر پشتیوانی لە گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن لە سوریا دەکرد، گوتی: “ئامادەیە لاپەڕەیەکی نوێ لە رێگەی پشتیوانی ئەسەد (رووسیا) لەگەڵ دیمەشق بکاتەوە.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی ئەردۆغان رایگەیاند، “لەڕێگەی دۆستایەتیم لەگەڵ سەرۆک پوتین، باوەڕم وایە کە دەتوانین دەرگاکە بکەینەوە، بەتایبەتی لە شەڕی دژی تیرۆر لە بەشی باکووری سوریا، کە پێویستی بە هاوکاری و هاودەنگییەکی بەهێز هەیە”، وەک ئاماژەیەک بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە).

 لە کاتێکدا ئۆپۆزسیۆنی سوریا پشتی بە تورکیا بەستبوو بۆ لەناوبردنی حکومەتەکەی ئەسەد، ئەردۆغان جەختیکردوە کە پرسی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا، کە پرسی کورد مەترسی لەسەری دروستدەکات، تاکە هەنگاوە بۆ ئاساییکردنی پەیوەندییەکان لەگەل ئەسەد دا.

سەبارەت به پەیوەندییەکانی لەگەڵ رووسیا، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، سەڕەڕای زیادبوونی گوشارەکان بۆ سەر ئەنقەرە بۆ سەپاندنی سزا بە سەر مۆسکۆدا، بەڵام وڵاتەکەی خاوەنی پەیوەندییەکی “تایبەت”ە لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنقەرە نەگەیشتووەتە ئەو باوەڕەی کە دەبێت سزا بەسەر مۆسکۆدا بسەپێنێت، وەک رۆژئاوا، گوتی: “ئێمە پابەند نین بە سزاکانی رۆژئاواوە.”