وەزیری بازرگانی چین دەچێتە واشنتن

هەولێر- نۆرس پرێس

باڵیۆزخانەی چین لە ئەمەریکا رایگەیاند، وانگ وێنتاو، وەزیری بازرگانی چین لە هەفتەی داهاتوودا دەچێتە واشنتن و تاوتوێی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەکات.

لیو پێنگیۆ، وتەبێژی باڵیۆزخانەی چین لە واشنتن ڕایگەیاند، لە کەشوهەوای ئاڵۆزی ئێستادا، وانگ لەگەڵ وەزیری بازرگانی ئەمەریکا جینا ڕایمۆندۆ و کاترین تای نوێنەری بازرگانی ئەمەریکا لە واشنتن کۆدەبێتەوە.

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا فرۆشی مایکرۆچیپی تەکنەلۆژیای بەرز بۆ چین سنوردار کرد و هاوپەیمانە سەرەکییەکانی ئەمەریکاش پەیڕەوی دەکەن.

وتەبێژی باڵیۆزخانەی چین لە واشنتن دەڵێت، پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئەمەریکا و چین بەهۆی رێوشوێنە تاکلایەنەکانی ئەمەریکا زیانی بەرکەوتووە.

ئەو بەرپرسە چینیە جەختیشی لەوەکردەوە، کە چین وەک هەمیشە بانگەشە بۆ کرانەوە و هاوکاری دەکات و بەردەوامیش دەبێت لە ڕەخساندنی دەرفەت بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان، لەوانەش کۆمپانیا ئەمەریکییەکان.