ئەمڕۆ 32ھەمین کۆبوونەوەی لوتکەی کۆمکاری عەرەبی لە جددە بەڕێوەدەچێت
هەولێر– نۆرس پرێس
ئەمڕۆ 32ھەمین کۆبوونەوەی لوتکەی کۆمکاری عەرەبی لە شاری جددەی سعودیە بەڕێوەدەچێت و دوای دوازدە ساڵ دابڕان، بۆ یەکەم جار بەشار ئەسەدی سەرۆککۆماری سوریا، بەشداری ئەو لوتکە دەبێت کە بڕیارە تیایدا تیشک بخرێتەسەر گەڕاندنەوەی سوریا و رەوشی سودان و دۆسیەی فەڵەستین.
لە بەرەبەیانی دوێنێوە سەرۆک و سەرکردە و پاشاکانی وڵاتانی عەرەبی روویان لە شاری جەددە کردووە بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی عەرەبی کە بڕیارە سبەینێ بەڕێوەبچێت و پێش ئەوەش کۆمەڵێک کۆبوونەوەی ئامادەکاری بۆ ئەم لوتکەیە ئەنجامدرا کە دوا کۆبوونەوەیان رۆژی چوارشەممە، لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوەی عەرەب بوو.
ئەو کۆبوونەوەیە کە وەک ئامادەکاری بۆ لوتکەی عەرەبی لە 32ھەمین دانیشتنی ئاسایی خۆیدا لەسەر ئاستی وەزیر و نوێنەران لە شاری جددە، بۆ تاوتوێکردنی گرنگترین ئەو پرسانە بوو کە سەرکردەکان لە کۆبوونەوەکەیاندا دەوروژێنن کە بڕیارە ئەمڕۆ هەینی 19ی ئایار، لە… ڕیازی پایتەختی سعودیە.
ڕۆژێک پێش کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوە، فەیسەڵ میقداد وەزیری دەرەوەی سوریا گەیشتە سعودیە بۆ بەشداریکردن لەو کۆبوونەوانە کە سوریا لە ساڵی 2011ەوە ئامادەنەبووە.
ئەلمیقداد لەمیانی لێدوانەکانیدا کە ئاژانسی هەواڵی سوریا بڵاویکردەوە، ڕایگەیاند، بەشداریکردنی وڵاتەکەی لەم لوتکەیەدا “دەرفەتێکی نوێیە بۆ دیمەشق تا بە عەرەبەکان بڵێت کە چاوی لە ڕابردوو نییە، بەڵکو چاوی لە داهاتووە”.
لەو لوتکەیەدا، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی بەشدارن و بەیانی ئەمڕۆش محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتە جدە، بۆ بەشداریکردن لە لوتکەکە.
لوتکەی کۆمکاری عەرەبی دوای ئەوە دێت، سعودیە و میسر و ئوردن نێوەندگیرییان کرد، بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا و گەڕاندنەوەی بۆ کۆمکاری عەرەبی کە ئەمەش لە کاتێکدایە، وڵاتانی ناوچەکە ھەوڵی سفرکردنەوەی کێشەکان و چارەسەرکردنی قەیرانە ناوخۆییەکان دەدەن، لە دۆسیەی فەڵەستینەوە تا پرسی سوریا، قەیرانی سودان، یەمەن و لیبیا و لوبنان.
ھاوکات ئاژانسی بلومبێرگ بڵاویکردووەتەوە، ڤۆلۆدمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین دەچێتە سعودیە و بەشداری لوتکەکە دەکات.