لە شارۆچكەی چۆمان گۆڕێکی تەمەن 1800 ساڵە دۆزرایەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

دوێنێ پێنجشەممە لە گوندی “ماوان”ی سە ربە شارۆچكەی چۆمان لە سنوری پارێزگای هەولێر، تابوتێك دۆزرایەوە، كە تەمەنی زیاتر لە 1800 ساڵە.

دۆزینەوەی شوێنەوارێك لە گوندی ماوانی سەر بە شارەدێی سمیلان لە سنوری قەزای چۆمان كە شوێنەوارەكە تابۆتێكی گلێنەیی لە سەر شێوەی بەلەمێك دروست كراوە و وێنەی خاچێكی لەسەرە.

بە گوتەی بەرێوەبەری گشتی شوێنەواری سۆران، مێژووی ئەم گۆرە دەگەرێتەوە بۆ سەرەتاكانی سەرهەڵدانی ئاینی مەسیحی، واتە زیاتر لە 1800 ساڵ پێش ئێستا .

عبدالوهاب سلێمان بەرێوەبەری گشتی شوێنەواری سۆران، بە میدیا ناوخۆییەکانی راگەینادووە:” تیمەكانی شوێنەواری سەرقاڵی گەڕان و پشكنین لە گۆرەكە و لە نێو تابوتەكە، دوای ئەم مێژووە درێژە بەهۆی كاریگەری كەش و هەوای ناوچەكە ئێسك و پرۆسكی مرۆڤی تیادا ماوەتەوە.”

بە گوتەی ئەو، دەركەوتنی ئەم تابوتە لەم ناوچەیە گرنگیەكی زۆری هەیە، چونكە “ناوچەكە ناوچەیەكی مێژووی گرنگە كە هەزاران ساڵ بەر لە ئەمڕۆ شوێنی ژیارو كشتوكاڵی بووە”.

بەپێی گۆڕەكە بێت و لە ئەنجامی بە دواداچونەكانی بەڕێوبەرێتی شوێنەوار، گۆڕەكە گۆڕی ژنێكە وە بە تەواوی دیار نیە كە چی ئاستێكی ژیانی هەبووە چونكە هیچ ئێكسسواراتێكی لەگەڵ نەبووە، بەڵام بەگشتی ئەم گۆڕە گرنگیەكی زۆری هەیە بۆ كاری شوێنەواریی و دیاری كردنی مێژوی ژیان لەو ناوچەیە.

بە گوێرەی  ئامارە راگەێنراوەکان، لە هەرێمی كوردستان، 3125 ناوچەی‌ شوێنەواری تۆماركراون‌، تەنها دەڤەری سۆران خاوەنی 900 ناوچەی شوێنەوارییە.